بەهای زێڕ بەردەوامە لە دابەزین و هەر مسقالێك زێڕ 25 هەزار دینار دابەزیوە و گوتەبێژی سەنیكای زێڕینگەرانیش هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەمە 27/5/2024، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیە مامەڵەی پێوە دەکرێت:"مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 410 هەزار دینارە، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 480 هەزار دینارە، مسقاڵێک زێڕی عەیار 24یش بە 550 هەزار دینارە."
دانا وەرتی، گوتەبێژی سەنیكای زێڕینگەرانی هەولێر، راگەیاند: "نرخی زێڕ ئەمڕۆ دابەزینی زیاتری تۆمار كرد و بەراورد بە هەفتەی پێشوو، هەر مسقاڵێك زێر 25هەزار دینار دابەزیووە."
ئاماژەی بەوەش دا: "بەهۆی دابەزینی نرخ جموجۆڵێك لە بازاری زێڕ دروست بووە و بەراورد بە چەند مانگی رابردوو پڕۆسەی هاوسەرگیریش زیادی كردووە."
ئەمرۆ ئۆنسەی زێڕ لە بازاڕی جیهانی نزیكەی دوو هەزار و 344 دۆلارە.
سەبارەت بە هۆكاری دابەزینی نرخەكەی، گوتەبێژی سەنیكای زێڕینگەران گوتی: "هۆكارەكەی تەكنیكی و شیكارییە، زێڕ زۆر بەرز بوو، دەبوو نرخەكەی دابەزێت، ئەوەش وای كرد لە بەرزیەوە ڕوو لە نزمی بكات."
وەڵام بدەوه