دوێنێ هاتە راگەیاندن كە بانكی ناوەندیی عێراق لەسەر داوای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر پێنج بانكی تایبەتی عێراقی و سێ كۆمپانیای حەواڵەی ئەلیكترۆنی دۆلار سەپاندووە، رێگرییان لێ دەكات مامەڵە بە دۆلار بكەن، شارەزایەكی بواری بانكی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەمەریكا بە نیازی سزادانی بانكی زیاترە، ئەوەش رەنگە ببێتە هۆی هەڵكشانی نرخی دۆلار و زەحمەتبوونی حەواڵەی دۆلار بۆ هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت.
ناسر تەمیمی پسپۆڕی بواری بانكی و دارایی دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا نیازی وەرگرتنی رێوشوێنی توندی بەرانبەر بە ژمارەیەك بانكی عێراقی هەیە، ئەو هەنگاوەش رەنگە ببێتە هۆی هەڵكشانی نرخی دۆلار و ئاڵۆزتربوونی حەواڵەی دارایی لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی.
روونی كردەوە، پێویستە بانكی ناوەندیی عێراق و لایەنە حكوومەتییەكانی تر بە پەلە كار بۆ رێگرتن لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر بانكەكان بكەن، گەرەنتی بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بدەن بەوەی بانكی ناوەندی چاودێرییەكی رژدی كاری ئەو بانكانە دەكات و رێگری لە حەواڵەی نایاسایی دەكات، ئەگینا دۆخی ناوخۆیی بانكەكان دووچاری زرنگاندنەوەیەكی گەورە دەبێتەوە.
دوێنێ هاتە راگەیاندن كە لە دوای كۆبوونەوەی بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ هەریەك لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا و بانكی فیدراڵی ئەمەریكی لە دوبەی، داوا لە بانكەكە كراوە سزا بەسەر پێنج بانكی تایبەتی عێراقی بسەپێنێت، جیا لە سێ كۆمپانیای حەواڵەی ئەلیكترۆنیی دۆلار، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانیان لە سپیكردنەوەی پارە و قاچاغی دۆلار بۆ گرووپە چەكدارەكان و وڵاتانی سزای ئەمەریكییان لەسەرە.
وەڵام بدەوه