د. خەلیل دۆسكی، ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: "لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوونمان کردووە و گوایە بەشێکی پەیوەندیی بە سیوولە هەیە، چاوەڕوانین ئەوە چارەسەر بکرێت."
ئاشکراشی کرد: "بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر بابەتی مووچەی مانگی چواری هەرێمی کوردستان بدات."
خەلیل دۆسكی باسی لەوەش کرد، حکوومەتی عێراق دابەشكردنی مووچەی خۆیانی تەواو کردووە.
ئەندامەکەی لێژنەی دارایی ڕوونیشی کردەوە: "وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و هەموو شت بێ گرفتە و هیچ کێشەی نییه."
ئەمە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 22ی 4ی 2025 لیستی مووچەی مانگی چواری گەیاندە دارایی فیدراڵ و داهاتی مانگی ئاداریشی خستووەتە سەر هەژماری دارایی فیدراڵ.
دوێنێ یادگار مهحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند: "بەغدا پارهی مووچهی مووچەخۆرانی خۆیانی داوه، كه دێتە سەر مووچهخۆرانی كوردستان باسی کێشەی سیووله دەکەن، لەکاتێکدا بانکی ڕەشید و ڕافیدەین دەڵێن کێشەمان نییە."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی: "شاندی وەزارەتی دارایی كه گەڕانەوە بۆ كوردستان، رایانگەیاند كە لەلایهن بهغداوه دڵنیا كراونەتەوە لەوەی لیستی مووچە هیچ كێشەیەكی نییە، كەواتە دواخستنی ناردنی پارە لەپای چی؟.“
وەڵام بدەوه