ئەمرۆ پێنجشەممە 11/5، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی جووت سایدی (كوّڕێ -شەقڵاوە - قەنديل)ی كردەوە.
لە گوتارێكدا سەرۆكی حكومەت گوتی؛ “شەقامێكی ئێجگار جوان و ڕێكوپێك دروست کراوە، هەرچەندە زۆریش سەختە ئەگەر تەماشای بكەن، پڕكردنەوە و دابڕینی شاخەكان، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر جوان و ڕێكوپێك و ستانداردێكی نێودەوڵەتی دروستیان كردووە. دەستخۆشی لە كۆمپانیای (نۆرث لایت) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە جوانە و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن، نموونەیان زۆر بێت و بتوانین هەموو ڕێگەكانی كوردستان بەم شێوەیە، لەم ئاستە باشە دروست بكەین و شارەكانمان بەیەكەوە ببەستینەوە كە بێگومان ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، بۆ گەشتیارەكان كە سەردانی كوردستان دەكەن، بۆ بابەتی بازرگانی، كەمكردنەوەی كات، بۆ گەیاندن و پێكەوەبەستنەوەی شارەكان بەیەكەوە، ئەم ڕێگەیە كاریگەری لەسەر هەموو ئەمانە دەبێت و یارمەتیی هاووڵاتییان دەدات”.
سەرۆكی حكومەت هەروەها هیوای خواست، هاووڵاتیران سوود لەم جووت سایدانە وەربگرن، بەڵام ڕێنماییەكانی هاتوچۆش لەبەرچاو بگرن بۆ سەلامەتیی خۆیان و سەلامەتیی كەسوكارەكانیان و سەلامەتیی هاووڵاتییەكانی تر.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا، سەرۆكی حكومەت باسی لەوە کرد کە سروودی (ئەی ڕەقیب) لە بەشێكی شەقامەكەدا دەبیسترێ و گوتی: “ئەوەی جیاوازە لەو جووت سایدە كە هەستم پێكرد، سروودی (ئەی ڕەقیب) لەسەر شەقامەكە دروست كراوە كە ئەگەر لەسەر خێرایی 80 (كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك) بڕۆیت، گوێت لە سروودی (ئەی ڕەقیب) دەبێت كە بە ڕاستی شتێكی زۆر جوانە، هیوادارم تاقی بكەنەوە، بەڵام لەسەر خۆ و ئینشائەڵا بەبێ كێشە و گرفت.”


وەڵام بدەوه