سەرەڕای ڕێکارە زۆرەکانی حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای دینار، لەسەر بنەمای ئەو نرخەی لەلایەن حکوومەتی عێراق بۆ هەر دۆلارێک بە هەزار و 300 دینار دیاری کراوە کە بە هەموو رێوشوێنە بانکییەکانەوە هەر 100 دۆلارێک بە 132هەزار دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان، بەڵام لە بازاڕەکان نرخی دۆلار نایەتە خوارەوە و ماوەیەکە بۆ هەر 100 دۆلارێک لە بازاڕ 153 بۆ 155 هەزار بەرز و نزم دەبێتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممەش بەهۆی کەم خستنەبازاڕی دۆلارەوە لەلایەن بانکی ناوەندی، بەهای 100 دۆلار بۆ نزیکەی 158 دینار بەرز بووەوە.
لەمبارەیەوە، د.کاروان حەمەساڵح، پسپۆری کارگێڕی و ئابووری،ووتی خستنەڕووی دۆلار راستە لە رووی فەرمی لە دەستی بانکی ناوەندییدایە، بەڵام بانکی ناوەندی لە ڕێگەی چەند بانکێکی دیکەوە ئەو دۆلارانە دەخاتە بازاڕەوە، ئەو دۆلارانەش لە هەنگاوی دووەمدا دەگەنە دەستی بازرگانەکان و دواتر نێو بازاڕ.
لێرەدا چەند هۆکارێک هەیە، پەیوەندیی بە بەرزیی نرخەکەوە هەیە، گوتی: ”یەکەمیان، هاووڵاتییان تاوەکوو ئێستا متمانەی تەواویان بە بڕیاری حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی نییە و چاوەڕێی ئەوەن، دەرەنجامێکی جێگیری بڕیارەکان لە ئەرزی واقیعدا ببینن. هەروەها چاوەڕێی چوونە واری جێبەجێکردنی رێکكەوتنێکی کۆنکرێتین لەگەڵ ئەمریکا، بەتایبەتی پشتیوانیی خەزێنەی ئەمریکا بۆ عێراق و لە بەرامبەردا پابەندیی بانکی ناوەندی و حکوومەتی عێراق لە ڕێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە کە هەڕەشەیە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و سزای ئەمریکا لەسەر عێراق. ئەگەرچی بانکی ناوەندی لە دەرەنجامی ڕێکكەوتنێکی سەرەتایی دەستی گەیشتووە بە پارەکانی خۆی لە خەزێنەی ئەمریکا، بەڵام ئاستی شۆڕبوونەوەی ئەو دۆلارانە بۆ بازاڕ کە لە ئاستێکی پێویستدا نییە، بەردەوامیی داوە بە ناجێگیریی دراوی دۆلار و دینار، چونکە هێشتا ئەوانەی خاوەنی دۆلارن، یان دۆلارەکان دەگاتە دەستیان، دڵنیایی تەواویان نییە تا بێ ترس مامەڵەی دۆلار و دینار لە بازاڕدا وەک ڕابردووی لێ بێتەوە.“
هۆکارێکی دیكە ئەوەیە کە بەشێک لە داواکاریی ئەو دۆلارانە کە بانکی ناوەندی لە خەزێنە دەیکات، کە بە فلتەرەکانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیدا تێدەپەڕن، هەندێکیان هەر رەت دەکرێنەوە، کە دواجار جیاوازیی خستنەڕووی دۆلاری رۆژانە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە دروست دەکات، بەڵام کە بازاڕی ئابووری و دارایی عێراق و هەرێم بەو ڕێکارانە راهاتن و کەمێک ترسی بازرگان و هاووڵاتییان رەوییەوە و ئەو متمانەیە دروست بێت، بازاڕی دراو جێگیری بەخۆیەوە دەبینێت، کە دواجار کۆی هاووڵاتییان و بازاڕ و ژیان زیاتر جێگیر دەبێ و هەموان سوودمەند دەبن.
وەڵام بدەوه