Kurdistan Press - بانکی ناوەندی بری فرۆشتنی دۆلار زیاد دەکات بانکی ناوەندی بری فرۆشتنی دۆلار زیاد دەکات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بانکی ناوەندی بری فرۆشتنی دۆلار زیاد دەکات

لە 19 هەتاوەکو 22ى حویزەران، بانکى ناوەندیى عێراق 863 ملیۆن و 30 هەزار و 816 دۆلارى خستووەتە بازاڕەوە، کە دەکاتە نزیکەى یەک لەسەر حەوتى تەواوى داهاتى فرۆشى نەوت لە مانگێکدا، کە بە دۆلار بۆ خەزێنەى دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

زیادبوونى بڕى خستنەڕووى دۆلار لەکاتێکدایە، بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار لە 146 هەزار دینار نەهاتووەتە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەى بانکى ناوەندى بە 131 هەزار دینار دەیفرۆشێت.

چاوەڕوان دەکرێت بڕى فرۆشى دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندیى عێراقەوە لەگەڵ کارابوونى یاسای بودجەى گشتیی عێراق زیاد بکات، کە بڕیارە هەفتەى داهاتوو لەدواى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

رۆژی 23ى حوزەیرانى 2023 د. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راگەیاند: "لەنێوان 18 بۆ 25ى هەموو مانگێک رێژەى فرۆشى دۆلار زیاتر دەکات بۆ دابینکردنى مووچە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە، پێشبینی دەکرێت لە مانگى تەمووزى داهاتوو، کە بودجە بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بڕى فرۆشى رۆژانەى دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندییەوە بگاتە 300 بۆ 400 ملیۆن دۆلار، بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیی نەختینەیى وەزارەتى دارایی بە دینار.

بەر لە پەسندکردنى بودجە و بەگوێرەى یاساى کارگێڕیی دارایی، حکومەت دەتوانێت لە یەک لەسەر دوازدەى بودجەى خەرجکراوى ساڵى پێشووى خەرج بکات، لەدواى ئەوەى بودجە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە تەواوى پارەکە خەرج دەکرێت. 

بڕى پارەى یاساى بودجەى گشتیی عێراق نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە، لە کاتێکدا شەش مانگ لەو ساڵە تێپەڕیوە، هێشتا یاسای بودجە جێبەجێ نەکراوە.

د. جەمال کۆچەر دەڵێت: لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا بەهۆى پیادەکردنى سیستمى یەک لەسەر دوازدەى خەرجى، نزیکەى 54 تریلیۆن دینارى بودجەى ئەمساڵ خەرجکراوە، حکومەت لە ماوەى شەش مانگى داهاتوودا دەتوانێت زیاتر لە 140 تریلیۆن دینارەکەى دیکەى بودجە خەرج بکات، کە مانگانە دەکاتە نزیکەى 23 تریلیۆن دینار."

زۆرینەى داهاتى عێراق لە فرۆشى نەوتە، کە بەدۆلارە، وەزارەتى دارایی بۆ دەستکەوتنى دینار دەبێت داوا لە بانکى ناوەندى بکات دۆلارى بۆ بفرۆشێت، ئەگەر مانگانە ناچار بێت 23 تریلیۆن دینارى بودجە خەرج بکات، دەبێت 17.6 ملیار دۆلارى داهاتى وەزارەتى دارایی لەلایەن بانکى ناوەندیەوە بکرێتە دینار، بەوەش بانکەکە دەبێت رۆژانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە بۆ دەستکەوتنى ئەو بڕە  دینارە.

 ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى رێکارەکانى بانکى ناوەندى بۆ خستنەڕووى دۆلار ئەو پرۆسەیە سنووردارە، کە بۆ فرۆشتنى نەختینەیى بە هاوڵاتیان و هاوردەکردنى کاڵایە لە دەرەوە، بەشێک لەو رێوشوێنانە لەسەر داواى بانکى فیدراڵى ئەمریکایە بۆ رێگرییە لە بەقاچاخبردنى دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانى دیکە.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه