بەپێی نووسراوێك كە ئەمڕۆ دووشەممە (19/2/2024) بەڕێوەبەرایەتیی پشكنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردووەتەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی نەخۆش و ڕێگەگرتن لە دیاردەی ڕێكلام، سەرجەم نەخۆشخانە، سەنتەر، بنكە و مەڵبەندەكانی تەندروستی ئاگەدار كراونەتەوە، چیتر قەدەغەیە كارتی تایبەتی نۆرینگە یان كارتی كەسی یان نەخۆشخانە و سەنتەر و تاقیگە و هەر دامودەزگەیەكی دیكەی كەرتی تایبەت لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بە نەخۆش بدرێت.
یەكێك لە گلەییەكانی بەردەوام لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە بەشێكی پزیشكەكان دەكرا، بریتی بوو لە ناچاركردنیان كە لە نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتەكان چارەسەریان بۆ بكەن تا بە پارە چارەسەر بكرێن. لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە یەكێك لەو جومگانەی چاكسازی لەسەر كراوە، كەرتی تەندروستییە و بەردەوامیش لەم كەرتەدا بڕیاری نوێ لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەردەچێت.
لە نووسراوەكەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: نابێت نەخۆش ناچار بكرێت بۆ سەردانی نەخۆشخانە و نۆرینگە تایبەتەكان، بە پێچەوانەوە هەر پزیشكێك یان كارمەندی تەندروستی یان هەر فەرمانبەرێك بەرپرسیار دەبێت و ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی لە بەرانبەردا وەردەگیرێت.
نووسراوەكەی وەزارەتی تەندروستی كە واژووی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بەسەرەوەیە، گشتاندنی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ كراوە.
وەڵام بدەوه