شارەزایەكی ئابووریی عێراقی هۆشداری دەدات، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە عێراق كێشەی لە دابەشكردنی مووچەی بۆ دروست دەبێت و جەخت دەكاتەوە: "لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی عێراق، بەدەست دابینیکردنی مووچەوە دەناڵێنێت."
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری ڕایگەیاند: "لەگەڵ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 70 دۆلار، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق."
ئاماژەی بەوەش كردووە: "لەمەودوا داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق بۆ نۆ ترلیۆن دینار دادەبەزێت، کە لەو بڕە ترلیۆنێکی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت دەڕوات و ئەو هەشت ترلیۆنەی دەمێنێتەوە، تەنیا بەشی مووچە دەکات، کە بڕەکە حەوت ترلیۆن و 500 ملیار دینارە."
نەبیل مەرسوومی ئاشكراشی كرد، عێراق مانگانە 500 ملیار دینار بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە تەرخان دەکات.
شارەزاكەی ئابووری ئەوەشی خستەڕوو: "دەبێت عێراق خەرجییەکانی دیکەی بەکاربەر و وەبەرهێنان لە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی و ئەو داهاتە نانەوتییە کەمە دابین بکات، کە کۆ دەکرێتەوە".
هاوكات نەبیل مەرسوومی پێی وایە: "بەهۆی ئەو گرفتە داراییەوە، ڕێژەی باج بەرز دەبێتەوە و قەرزەکانی سەر عێراقیش زیاد دەکەن، لەوێشەوە پارەی یەدەگی بیانی لە بانکی ناوەندی بەرەو داکشان دەچێت، چونکە ئەو یەدەگە بە بەربەستی یەکەم و کۆتایی دادەنرێت لەبەردەم داڕمانی ئابووریی عێراق."
جەخت دەكاتەوە: "لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی عێراق بەدەست دابینیکردنی مووچەوە دەناڵێنێت، بۆیە تاوەكوو نرخی نەوت لە خانەی 70 دۆلارییدا بمێنێتەوە، مووچە دوادەکەوێت و ئەگەری کەمکردنەوەشی لە ئارادایە."
لە عێراقدا چوار ملیۆن و 100 هەزار فەرمانبەر هەیە، كە ملیۆنێك و 500 هەزاریان لە بەشی سەربازیین.
لە مانگی ڕابردوودا، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، بەهۆی نەبوونی پارەی كاش، گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروست بووە، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق رەتی كردەوە، كەمیی پارەی كاش هەبێت، بەڵام لە هەندێك شوێن مووچە دوا كەوت و حەشدی شەعبیش بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان دەستیان بە هەڕەشە كرد.
وەڵام بدەوه