Kurdistan Press - پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

‎بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی 11ی 2024، په‌رله‌مانی عێراق كۆ ببێته‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ بۆ یاسای هه‌مواری بودجه‌ و چه‌ند پرۆژه‌یاسایه‌ك بكات.

‎به‌پێی خشته‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌، په‌ر‌له‌مانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا، خویندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای هه‌مواركراوی یه‌كه‌م له‌ یاسای بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025ی عێراق ده‌كات.

‎هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، گفتوگۆ له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای به‌رگریی شارستانی و پرۆژه‌یاسای فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی ژماری 148ی ساڵی 1974 و چه‌ند پرۆژه‌یاسایه‌كی تر ده‌كرێت.

‎له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، باس لەوە دەكا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمجارەیدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە دەكا كە پەیوەستە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كردووە، وەزارەتی دارایی عێراق، قەرەبووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

‎د.ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: "دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە ڕۆژی سێشەممە  ٥/١١/٢٠٢٤،  لە چل و پێنجەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد بۆ هەموارکردنەوەی مادەی (١٢/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی سێ ساڵەی ژمارە (١٣ی ساڵی ٢٠٢٣) تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە دانیشتنی ژمارە (١٧)ی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڕۆژی ٢٦/١١/٢٠٢٤ خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایە ئەنجام بدرێت. 

‎د.ئامانج، بەرچاوڕوونیی زیاتری داوە و ڕایگەیاندووە: وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکاتەوە، لە تەرخانکراوی خەرجییە سەروەرییەکان (النفقات السيادية) لەناو بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ پارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، کە لەلایەن کۆمپانیای گشتیی فیدڕاڵی بۆ بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)وە وەر دەگیرێت بۆ هەناردەکردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگای بەندەری جەیهان و داهاتەکەی دەبێتە داهاتی گشتیی خەزێنەی فیدڕاڵی، یان لە ئەگەری هەناردەنەکردن بە هەر هۆکارێک، ئەوا لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە وەردەگیرێت و بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکار دێت بەپێی بڕگەکانی (أ) و (ب)ی مادەی ١٢/ دووەم.

‎ئاماژەی بەوەش كردووە: پێویستە تێچووی دادپەروەرانە (تعويض عادل)ی قەبڵێندراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت، ئەویش لەلایەن دامەزراوەیەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکیی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی تایبەتمەندەوە دەستنیشان دەکرێت، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دیاریی دەکات، لە ماوەی (٦٠) ڕۆژدا لە چوونە واری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دامەزراوە ڕاوێژکارییە  دیاری دەکات.

‎سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لەوەش كردووە: ئەو دامەزراوە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییەی کە بڕیارە بە گوێرەی بڕگەی پێشوو دیاری بکرێت، تێچووی قەبڵێندراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ڕاستەقینە پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت بە (اثر رجعي) بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو بەپێی بڕگەکانی (أ) و (ب)، لەم بڕگەیە، و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکوومەتی هەرێمی كوردستان.

‎دووپاتیشی دەكاتەوە: تا ساتی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە و دیاریکردنی تێچووی ڕاستەقینەی دادپەروەرانە بۆ تێچووی نەوتی هەرێمی كوردستان لە لایەن ئەو دامەزراوە ڕاوێژکارییەوە، پێویستە دەستبەجێ لە ڕۆژی کەوتنە واری جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای هەمواری ماددەی ١٢  دەستبەجێ نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان بدرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەپێی بڕگەی (أ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە و قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە شێوەی سولفە، بە تێکڕای (١٦) شانزدە دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە  دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبوونی كاری راوێژكاریی تەكنیكیی تایبەتمەند كە باسمان كردووە و لەسەر بنەمای پێشتر گرتنەوە لە ڕێكەوتنی دەستكردن بە رادەستكردنی نەوت بە گوێرەی ئەم هەموارە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه