ئەندامێكی لیژنەی دارایی عێراق رای گەیاند، تەیف سامی رەزامەندیی پێشان داوە لەسەر خەرجكردنی مووچەی سێ مانگ، بەڵام بابەتەكە تا ئاستێك ناڕوونیی پێوەیە و پێی رازی نەبووین.
ئەمڕۆ سێشەم 26ـی تشرینی دووەم، ئەندامێكی لیژنەی دارایی عێراق، راگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پرسیار لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كراوە بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانت راگرتووە و ناینێریت؟.
زیاتر گوتی، ئەو پێشنیاری كردووە 720 ملیار دینار بۆ هەر مانگێك بێتە ناردن، ئێمەش رەتمان كردەوە، دواتر بڕیاری دا بڕی 760 ملیار دینار بنێرێت بۆ سەر مانگێك، بەڵام ئێمە پێی رازی نەبووین، چونكە هەقی فەرمانبەران لەوە زیاترە.
روونی كردەوە، بەپێی بڕیاری تەیف سامی بۆ مووچەی هەرسێ مانگی 10، 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان؛ دوو تریلیۆن و 280 ملیار دینار دەنێرێت، واتا بۆ هەر مانگێك نزیكەی 760 ملیار دینار.
"حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەر مانگێك داوای 995 ملیار دیناری لە وەزارەتی دارایی عێراق كردووە، چونكە ئەو بڕە پارەیەی حكوومەتی عێراق دایناوە، زیاتر لە 200 ملیار دینار كورتهێنان لە دابەشكردنی مووچەدا دروست دەكات"، ئەو پەرلەمانتارە وای گوت.
لە كۆبوونەوەكەدا تەیف سامی یەك مەرجی هەبووە، ئەویش رادەستكردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ بووە، ئەوانیش پێیان گوتووە مانگانە بەفەرمی نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانت رادەست كراوە.
وەڵام بدەوه