بۆ پارەدانی ئەو کاڵایانەی لە دەرەوەی عێراق هاوردە دەکرێن، بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەت بە بانکەکانی ناوخۆ دەدات دوو دراوی نوێ بەکاربهێنن، لەگەڵ تورکیاش دەتوانن یۆرۆ بەکاربێنن.
عێراق دەیەوێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی تەنها پشت بە دۆلاری ئەمریکی نەبەستێت، بۆیە ئێستا هەریەک لە دراوەکانی یۆرۆ، درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی، ڕووپیەی هیندی، دیناری ئوردنی و ڕیاڵی سعودیش لە سەکۆی حەواڵەی دەرەکیدا بەکاردەهێنێت، بەگوێرەی ئامارەکانیش 70%ـی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە ئیمارات، تورکیا، هیندستان و چینە.
بانکی ناوەندیی عێراق سەکۆی حەواڵەی دەرەکی فراوان کردووە و ئێستا بانکەکان دەتوانن پارەی کاڵاکان بە دیناری ئوردنی و ڕیاڵی سعودی بدەن، هاوکات لەگەڵ تورکیا دەتوانن بە یۆرۆ پارەی کاڵاکان بدەن کە پێشتر ئەو مامەڵەیە تەنها لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا ڕێگەپێدراو بوو. ئامانج لەو بڕیارە ئەوەیە بانکەکان بتوانن بەهەر دراو و ڕێگایەکی یاسایی پارەی کاڵای کۆمپانیاکان بدەن، ئەوانیش ئەو دراوانە بۆ بانکەکان دەستەبەر دەکەن و هەوڵیش دەدەن زۆرترین بانک لە پرۆسەی حەواڵەی دەرەکیدا بەشدار بن.
وەڵام بدەوه