سبەی سێشەممە، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ هەردوو لیژنە هاوبەشەکەی (هەولێر و بەغدا) کۆدەبێتەوە و دواتر ڕاپۆرتی هەردوولیژنەکە لەبارەی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان دەباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران. ئەگەر لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر درا، بڕیارە بڕێک پارە بۆ مووچەی خەڵکی کوردستان بنێردرێت. شاندی تەکینکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچە لە بەغدایە، چاوەڕێی ڕەزامەندی تەیف سامی، وەزیری دارایی و حکومەتی عێراقن بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر خەرجکردنی پارە و ناردنی.
سبەی سێشەممە تەیف سامی جارێکی دیکە لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکەی کوردستان و عێراق کۆدەبێتەوە کە لە هەولێر راپۆرتەکەیان لەبارەی پرسی مووچە و خەرجییەکانی ئەمساڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکرد، دواتر مەلەفەکە لەگەڵ خۆی دەباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
سبەی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت، دوای ڕەزامەندی و دەنگدان لەسەر ڕاپۆرتی لیژنە هاوبەشەکە، بڕیارە بڕێک پارە بۆ مووچەی خەڵکی کوردستان بنێردرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕوون نیە ئەو بڕەیە بۆ مووچەی مانگی 12 یە، یان 430 ملیار دینارەکەیە، یان هەردووکی تێکەڵ دەکرێن و بڕێک پارە دەنێردرێت.
ئەگەر لەم دوو سێ ڕۆژە بڕیاری خەرجکردنی پارەکە بدرێت و بنێردرێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی 11 بڵاودەکرێتەوە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
لەمڕۆوە هەنگاوەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 لە هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووە، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی، لە بانکەکان داوای لیست و چەکی مانگی 11 کراوە، بۆ ئەوەی ئامادەبن و هەر کاتێک ئەگەر وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی بڵاوکردەوە، بەخێرایی دەست بە دابەشکردنی بکرێت. چەند ڕۆژێک پێش دابەشکردنی مووچەی هەر مانگێک، بەڕێوەبەرایەتییەکان لیست و چەک بۆ بانکەکان دەگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی دواتر دەست بە دابەشكردنی مووچە بکرێت.
وەڵام بدەوه