دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان، کە ناوەندێکی توێژینه‌وه‌ى ئەمریکییە، حکوومەتی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی "شەرعییەتدان" به گرووپه چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانی داوە بە تێکەڵکردنیان لەگەڵ هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبی و دەرکردنی یاسای تایبه‌ت لە پەرلەمان. دامەزراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە ژمارەی ئەندامانی حه‌شدی شه‌عبی 20 هەزار زیادی کردووە، لە کاتێکدا بودجەکەی بۆ 3.5 ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوه، "دوای چەند مانگێک لە فشارەکانی واشنتۆن بۆ سەر عێراق بۆ داماڵینی چەکدارانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران له چه‌ك، زانیارییه‌كان باس له تێکەڵکردنی چەکداری زیاتر لەگه‌ڵ هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی، ده‌كه‌ن.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كه، پێدەچێت عێراق هەوڵی ڕازیكردنى ئیدارەی ترەمپ بدات بە پێشكه‌شكردنى ئەم یەکگرتنە وەک هەڵوەشاندنەوەی گرووپه چەکدارەکان و دانانی چەکەکانیان لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا. میدیا عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، 20 هەزار چەکدار پەیوەندییان بە هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبی و لایه‌نه ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتی عێراقەوە، کردووە.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا ڕوونیش كراوه‌ته‌وه، "هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبی گرووپێكن له میلیشیاکان، به شێوه‌یه‌كی نیمچه‌یی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، کە لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی داعش پێکهێنراون. لەکاتێکدا بەناو، لەژێر دەسەڵاتی محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه، به‌ڵام ئەندامەکانی تاڕادەیەکی زۆر ملکەچی ئێرانن. ته‌نانه‌ت فەرماندەی یەکێک لە میلیشیاکانی حه‌شدى شه‌عبی ڕایگەیاندووە، گه‌ر ڕێبه‌رى باڵاى ئێران (عه‌لى خامه‌نه‌یی) داوایان لێبكات، ئاماده‌ن حكوومه‌تى عێراقیش بڕووخێنن".
ئاماژە بەوەش کراوه، "مقاوه‌مه‌ى ئیسلامی لە عێراق وەک ڕووكه‌ش بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران کار دەکات، بۆ ئەوەی بە هاوشانى بزووتنەوەی حەماس هێرش بکەنە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل".
ڕوونیش كراوه‌ته‌وه، "ئیدارەی ترەمپ فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ داماڵینی چەک لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە چوارچێوەی گرنگیدان بە سنووردارکردنی هه‌ژمووونى خراپی ئێران لە عێراق و ناوچەکە. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەت بە دوای ڕازیکردنی میلیشیاکاندایە تا مانگی كانوونى یه‌كه‌مى ساڵی 2025 چەک داماڵن، بەڵام تێكه‌ڵكردنى 20 هەزار چەکدار له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبی، ئاماژەیەکه كه به پێشخستنى ئه‌و پرسه‌ى ده‌زانن”.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئه‌وه‌ش پشتڕاست كراوه‌ته‌وه کە "سەرکردەکانی عێراق دژی داواکارییەکانی ئەمریکا نین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە. عەمار ئەلحەکیم، سەرکردە لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاندووە، 'گومانی تێدا نییە کە دەسەڵاتی سەربازی لە دەستی دەوڵەتدایە و هەڵگرتنی چەک دەبێت تایبەت بێت به ده‌وڵه‌ت". بەڵام سەرکردەکان هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبی وەک دامەزراوەیەکی بنەڕەتی دەوڵەت وەسف دەکەن، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا محه‌مه‌د شیاع سوودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا له لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند، هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبی، ئەمڕۆ هێزێکی بنەڕەتین لە بەرگریکردن لە عێراق".
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە "عێراق هەوڵدەدات یەکگرتنی ئەم گروپانە لە ناو هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبیدا وەک باشتربوونێک لە پێگەی خۆیان وەک میلیشیا نیشان بدات، كه سه‌ر به هیچ لایه‌نێك نه‌بێت یان گفتوگۆى تێوه‌گلانى له چالاكییه بێمۆڵه‌ته‌كان نه‌كرێت، به‌ڵام له ڕاستیدا تێكه‌ڵكردنى ئه‌و میلیشیایانه به حه‌شدى شه‌عبی، جگه له پێدانى چوارچێوه‌یه‌كی شه‌رعى، هیچی دی به‌و میلیشیایانه نابه‌خشێت".
هه‌روه‌ها ئه‌وه خراوه‌ته ڕوو کە "بەرگی دەوڵەت وادەکات لەسەر فەرمانی خاوه‌ندارێتییه ئێرانیەکەی، چالاکی تیرۆریستی ئەنجام بدات، بە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه مۆڵەتیان پێدراوە و لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پارەیان بۆ دابین ده‌كرێت، کە بودجەی 3.5 ملیار دۆلاری بۆ هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبی، پەسەند کردووە".
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "ئەمساڵ پەرلەمانتارانی عێراق دوو پرۆژه‌یاسای تایبەت بە هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبییان خستەڕوو، بەڵام یەکەمیان كێشرایه‌وه‌و دووەمیان ڕاگیرا، هیچ کامیان مەبەستیان چاکسازی لەو هێزانه‌دا نەبوو، بەڵکو مەبەست لێی چەسپاندنیان بوو لە یاسای عێراقدا بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئیدارەکانی داهاتوو بکەن، ئه‌و هێزانه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه".
له كۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه: "ده‌سه‌ڵاتى ئێستای عێراق هەوڵی چاکسازیی له دیمەنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران نادات، بەڵکو تەنیا هەوڵی شەرعیەتدان و چەسپاندنی ئەو هه‌ژموون و چەکانەی ئێران ده‌دات کە ساڵانێکە وڵاتی ئاڵۆز و ناسەقامگیر کردووە".
وەڵام بدەوه