ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌شێك له لایه‌نه‌كانی عێراق دیسان ده‌ستیان كردووه به نانەوەی هەرای راگه‌یاندن له دژی مووچه‌خۆرانی كوردستان، ئامانجیان ئەوەیە لەم كاتەدا كە نرخی نەوت دابەزیوە و كێشەی دارایی بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی دروست بووە، خۆیان لە ناردنی مووچە بدزنەوە. بەداخەوە كەسانێكی زوڕناژەنیشیان لە كوردستان هەیە كە پاساویان بۆ دەهێننەوە.
لە كاتێكدا لە ڕۆژی ٢٢ی ٤ی ٢٠٢٥ەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی بۆ بەغدا ناردووە، كەچی دوای نزیكەی ١٥ رۆژ، هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەناردووە!
لەمبارەیەوە یادگار مه‌حموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی راگەیاند "لەباره‌ی بابه‌تی مووچه دوو بابه‌ت هه‌یه، یه‌كه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له جیهاندا ١٠٪ی بەهاكەی له‌ده‌ست داوه، ئه‌مه كاتێك بودجه‌ی عێراق په‌سه‌ند كرا، پێشبینی كرابوو، ئه‌و كاته‌ش له په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر درا و بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت پاره‌یه‌كیان قەبڵاندبوو، گوتیان ئه‌گه‌ر نه‌وت له بازاڕەكانی جیهان دابه‌زێت، عێراق تووشی كورتهێنانی بودجە ده‌بێت. ئێستاش ئەمریكا به كه‌متر له رێژه‌ی ٣٠٪ دۆلار ده‌دات به عێراق، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه گرفت بكه‌وێته دارایی عێراقه‌وه. وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌و پاره‌ی كه پاره‌ی باجه و لە 5 ساڵی رابردوو لە بانكەكان دانراوە، ده‌ستی بۆ بردووه بۆ ئه‌وه‌ی گرفتی مووچه‌ی پێ چارەسەر بكات، ئه‌مانه هاتوون ده‌زانن كه نزیكین له هه‌ڵبژاردن، ئه‌م پرسه‌یان پێشێل كردووه بۆ پرسی هه‌ڵبژاردن، هاتوون ئه‌و پاره‌ی رایانكێشاوه له بانكی ناوەندی كه دەڵێن فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌یه و به فەرمانی ئه‌وان پاره‌ی باج راكیشراوه و گوایە شتێكی نایاسایی نه‌بووه، چونكه بۆ مووچه‌ی ناوه‌راست و باشووری عێراق بووه.“
ڕوونیشی كردەوە: ”هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان گرفتی پارەی كاشیشیان نه‌بێت، هەر ده‌ست ده‌به‌ن بۆ قووتی خه‌ڵكی كوردستان، لە كاتێكدا مووچەی خەڵكی خۆیان دواناخەن. ئێستا لایەكی عێراق باس له‌و گرفته داراییه ده‌كات، كه‌چی بانكی ره‌شید و رافیده‌ین دەڵێن نه‌خێر گرفتی پاره‌مان نیه. ئه‌وان هاتوون پاره‌ی مووچه‌ی خۆیان داوه، كه‌چی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن هاتوون له‌سه‌ر پشكی كوردستان كردوویانه به هه‌لا و ده‌نا لیستی مووچەخۆرانی كوردستان هیچ گرفتی نییه، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پێیوایه خه‌تای كوردستانه با بڕوات چێكی خۆی بكات، بزانێت له‌و گونده‌ی لێی ده‌ژیت ئێستا دونیایه‌كی پێشكه‌وتووه، به یه‌ك كلیك راستی و دروستی بۆ دەردەكەوێت كه خه‌تای كوردستان نییه.“
جەختیشی كردەوە كە دەسەڵاتدارانی عێراق خه‌میان نییه كه مووچه‌خۆرانی كوردستان وه‌ك هه‌موو موچه‌خۆرانی دیكه‌ی عێراق ده‌بێت مافیان هه‌بێت، ته‌نانه‌ت له گرووپه‌كانی به‌غداش ده‌ست کراوە به هەڵمەتێكی دژه‌كوردستان له‌سه‌ر پرسی مووچه كه ئه‌مه‌ش ئه‌و هێرشه پووچانه‌یه له لایەن هه‌ندێك په‌رله‌مانتار ده‌كرێت.”
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ڕەخنەشی لەو كەسانە گرت كە لە هەرێمی كوردستانەوە ”بوونه‌ته زوڕناژه‌ن و تەپڵ لێدەری ئه‌م كینلەدڵانەی عێراق كه نایه‌وێت مووچە بۆ خەڵكی كوردستان بنێرن، ئه‌گه‌ر نا شاندی وەزارەتی دارایی كه گەڕانەوە بۆ كوردستان، رایانگەیاند كە لە لایه‌ن به‌غداوه دڵنیا كراونەتەوە بەوەی لیستی مووچە هیچ كێشەیەكی نییە، كەواتە دواخستنی ناردنی پارە لە پای چی؟“
وەڵام بدەوه