بەیانیی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ باسكردنی چوار دۆسییە خۆی گەیاندە ئەنقەرە، شارەزایەكی ئابووری و سیاسییش رایدەگەیەنێت، عێراق سەروەریی نەماوە و لە توانایدا نییە كێشەكانی چارەسەر بكات.
عیسام شاکر، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٨ی ئایاری ٢٠٢٥) لە لێدوانێکدا بۆ (بەغداد ئەلیەوم) جەختی کردەوە، چوار دۆسییەی گرنگ لە ئەولەویەتەکانی سوودانیدا دەبن لە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری تورکیا، گرنگترینیشیان دۆسییەی ئاوە، بەتایبەتی لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی لە ناوچە فراوانەکانی وڵات و کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.
هەروەها گوتیشی: "دۆسییەی سووریا بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان پێکدەهێنێت، بەهۆی کاریگەرییە گەورەکانی لەسەر پایتەختەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی بەغدا و ئەنقەرە كە ئەوە پێویستیی بە لێكتێگەیشتن و ڕێککەوتن دەبێت.”
ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت: "دۆسییەی پاراستنی سنوورەکان لەنێوان هەردوو وڵات و دۆسییەی ئابووری لە بەرنامەی کۆبوونەوەکەدا دەبن."
لەمبارەیەوە د.محەمەد ئەلعوزێری، شارەزای ئابووری و سیاسی، رایگەیاند، عێراق بەهۆی ئەوەی لە دۆخێكی یەگجار لاواز و بێسەروەریدایە، سەركردەكانی كاتێك دەچن بۆ هەر وڵاتێك ناچن بۆ قسەكردن، بەڵكوو تەنیا قسەیان بۆ دەكرێت و ئەوان گوێ دەگرن، ئەوە پەیوەندیی بە سوودانی یان سەركردەكانییانەوە نییە، ئەوە پەیوەندیی بە لاوازیی وڵاتەكەوە هەیە كە لەژێر هەژموونی وڵاتاندایە.
عوزێری، گوتیشی: “عێراق ئێستا سەروەریی سیاسی و ئابووریی و ئەمنیی بەدەستەوە نەماوە، بۆ ئەوەش وڵاتانی ئیقلیمی زۆر سوودیان لەم حاڵە خراپەی وەرگرتووە، بڕیارەكانیشی هەر بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانە نەك بۆ هاووڵاتییانی ناو وڵاتەكەی خۆی، ئەوەتا لەسەر داوای وڵاتێکی دراوسێ مووچەی خەڵکی کوردستان دەبڕێت، بە هەزاران تۆن گەنم بۆ توونس دەنێرێت، بەڵام ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات، پارە بۆ غەززە دەنێرێ، بەڵام مووچە بۆ خەڵكی كوردستان نانێرێ، بەداخەوە عێراق نەوت بە نزیكی خۆڕایی دەدات بە ئوردن، بەڵام ئامادە نییە بەنزینی پاڵپشتیكراو بە نرخی (450) دینار بۆ هەر لیترێك بۆ هەولێر بنێرێت، ئەوەتا بازرگانییەكەی لەگەڵ توركیا گەیشتووەتە چەندان ملیار دۆلاری ساڵانە، بەڵام ناتوانێ بە توركیا بڵێت ئەگەر ئاوم بۆ بەرنەدەیتەوە ئێمەش ئەو بازرگانییە رادەگرین."
د.محەمەد پێشیوایە، حکوومەتی عێراق دۆسییەی نەوتی كوردستانی لەناوخۆدا بە سیاسی كردووە و رێگریی لە نەوتی كوردستان دەكات بفرۆشرێ، ئەوەش بۆ ئەوەیەتی لە رووی ئابوورییەوە لە هەرێمی كوردستان بدات، لەكاتێكدا خۆی زەرەرێكی گەورەی بەردەكەوێ، گوتی “هەموو ئەو بڕیارە خراپانەی ناوخۆی، بەهۆی نەبوونی سەروەری و بێتوانایی دەوڵەتەكەیە، لەبەرئەوە عێراق لەم دۆخەدا لەدەرەوەش هەڵوێستێكی كاریگەریی نابێت و ناتوانێ كێشەكانی چاسەر بكات، بەتایبەتی بابەتی داواكردنی بەردانەوەی ئاوی زیاتر لە توركیا.”
وەڵام بدەوه