رۆژنامەنووس و نووسەر و شیكەرەوەی سیاسیی عێراقی فەلاح ئەلمەشعەل، ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی بەغدا لەم گۆڕانکارییە هەرێمییانە و نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێناگەن، کە ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو کاری لەسەر دەکەن، بۆ دابەشکردنەوەی ناوەندەکانی هێز و دەسەڵات بۆ سەد ساڵی داهاتوو.
فەلاح ئەلمەشعەل، لە لاپەڕەی پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتێیی (فەیسبووك) نووسیویەتی: "هەڵوێستە توندەكانی دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا بەرامبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە بیست ساڵە بەردەوامە، وا لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەکات کە هەوڵ بدات لەم قەیرانە سیاسی و ئابوورییە دەرباز ببێت و ڕوو لە ناوەندی بڕیاردان (ئەمریکا) بکات، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، یان ڕەنگە خەونە مێژووییەکە، بەتایبەت دوای ئەو گۆڕانکارییە مێژووییانەی کە ئەم دواییانە بە قازانجی کورد ڕوویان داوە، بێنێتە دی."
نووسەر پێیوایە کە بەرپرسانی بەغدا لەم گۆڕانکارییە هەرێمییانە و نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێناگەن کە ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو کاری لەسەر دەکەن بۆ دابەشکردنەوەی ناوەندەکانی هێز و دەسەڵات بۆ سەد ساڵی داهاتوو و دەڵێت: "واز لە شێوازی بیرکردنەوەی لووتبەرزی و بێهیوایی بێنن کە لە بیست ساڵی ڕابردووەوە زاڵە بەسەرتاندا. ئێران وەک ئێوە دەیناسن نەماوە، سووریا وڵاتێکی دیکەیە، لوبنان دەبێتە دەوڵەتێکی کاریگەر. گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەستی پێکردووە و هاوکێشە کۆنەکە کە ئێوە پێوەی پابەند بوون، هەڵدەگەڕێتەوە."
دەشڵێت: "لەدەستدانی هەرێمی کوردستان کارەساتێکی گەورە دەبێت بۆ عێراق، ئاگادار بن و تێبگەن لەوەی لە دەوروبەرتان چی ڕوو دەدات. وەک برا میسڕییەکانمان دەڵێن (ئەوەی گەورەی نییە با گەورەیەک بۆ خۆی بکڕێت و ڕاوێژی پێ بکات)."
وەڵام بدەوه