میدیایەكی عەرەبی ئاشكرای كرد كە بەهۆی دۆخی ئاو و بەردەوامیی فاكتەرەكانی بەبیابانبوون و پەنگخواردنەوەی گەرمی و كاریگەرییەكەی لەسەر وڵاتەكە، دەوڵەتی عێراق ئێستا ”لە مەترسیی وجوودیدا“یە.
بەپێی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی (The National NEWS) كە رۆژانە بە زمانی ئینگلیزی لە ئیماراتی عەرەبی دەردەچێت، ئەمساڵ عێراق بە توندترین قەیرانی ئاودا تێپەڕ دەبێت كە لە 80 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. ئەوەشی روون كردۆتەوە كە گۆڕانی كەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كەمیی باران لە زستانی رابردوو، لەگەڵ سیاسەتی ئاویی ئێران و توركیا و دروستكردنی بەنداو لەسەر ڕێڕەوی ڕووبارەكان، قەیرانەكەی قووڵتر كردۆتەوە.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە یەدەگی ئاوی عێراق لە ساڵی رابردوودا بۆ نیوە كەمبۆتەوە، ئەمەش وایكردووە كە ئێستا عێراق ڕووبەڕووی ”مەترسیی وجوودی“ ببێتەوە، بە تایبەتیش لە كەرتی كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی ئەم قەیرانانە لەسەر تەندروستیی خەڵك.
هەروەك باس لەوەش كراوە كە زەویی عێراق لەژێر كاریگەریی قەیرانەكەدایە و نزیكەی ملیۆنێك دۆنم زەویی كشتوكاڵ كێشەی شۆرەكات (بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە زەوی) بوون، جگە لە پیسبوونی ئاوی خواردنەوە كە بەهۆیەوە خەڵكی تووشی نەخۆشی بوون.
هەر ئەو ڕۆژنامەیە بە پێویستی زانیوە كە حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری بەپەلە بدات بۆ ڕێكخستنەوەی بەكارهێنانی ئاو، وەبەرهێنان لە بواری درستكردنی بەنداودا بكات و سیستەمی ئاودانی سەردەمییانە دابمەزرێنێت، هەروەها بودجەش بۆ پاككردنەوەی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەكانی بەبیابانبوون و شۆرەكات تەرخان بكات.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی بە ئاژانسی (فرانس پرێس)یان راگەیاندووە، ئەم قەیرانەی ئێستا بەردەوام دەبێت و قووڵتریش دەبێتەوە، ئەگەر ڕێوشوێنی بەپەلە نەگیرێتە بەر كە وابكات وڵاتانی خاوەن سەرچاوە ئاوییەكان، بەشەئاوی عێراق بدەن.
وەڵام بدەوه