سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، عێراقی نوێ قبووڵی نییە شوێنکەوتەی هیچ وڵاتێک بێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئێستا عێراق بەهێز و سەقامگیرە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری، تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە دۆخی نێوخۆی وڵات و پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان. سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: پێمان باش بوو ببینە پردێک بۆ گفتوگۆ نەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی نێوەندگیریمان بینیوە لە نێوان سعوودیە و ئێران، ئوردون و ئێران و میسر و ئێران. ئەوەشمان لەبیرە کە ئێران لە شەڕی دژی داعش لە 2014 لەگەڵمان وەستابوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی عێراقییەکان جیادەکاتەوە، شانازیکردنیان بە وڵاتەکەیان و کەرامەتەکەیانە کە ڕێگەیان پێنادات ژێردەستە و شوێنکەوتووی کەس بن و دەشڵێت: عێراقی نوێ قبووڵی نییە شوێنکەوتەی هیچ وڵاتێک بێت، عێراق بەهێز و سەقامگیرە. پەیوەست بە دۆخی سووریا، سوودانی ڕایگەیاند، ئەوان هیچ شتێکیان لە سووریا ناوێت، "تەنیا دەمانەوێت ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکات و پارێزگاری لە سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر بکات و ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە".
وەڵام بدەوه