لەسەر بڕیارەكەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەكانی دەبنە بڵقی سەر ئاو، ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە پشکی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراقدا زیاترە لە 13.5 ترليون دينار، بەڵام تەنیا 3.8 ترلیۆن دینار نێردراوە.
مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی: "وەک چاوەڕێ دەکرێ پێش هەموو هەڵبژاردنێک لە عێراق، سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دەستی پێکرد، ئەویش بە نووسراوێکی خاتوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کە دەڵێت پشکی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان بە تەواوی نێردراوە لە کاتێکدا تەنیا 3.8 ترلیۆن دینار نێردراوە و پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە زیاتر لە 13.5 ترلیۆن دینارە، ئەمەش هەر بە قسەی ئێمە نا، بەڵکوو بە قسەی خودی عێراقییەکان، وەک بەڕێز نەبیل مەرسوومی، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لە عێراق وادەڵێت."
ئاماژەش بەوە دەكات، "بە دڵنیاییەوە ئەم نووسراوەی تەیف سامی گوزارشتە لە باڵادەستیی عەقڵیەتی فاشی لەنێو جومگەکانی دەسەڵات لە عێراق و جگە لە بەکرێگیراو و جاشەکانی خۆیان، کەس باوەڕی پێ ناکات."
باس لەوەش دەكات، كە "گومانی تێدا نییە، ئەم بڕیارانە پێچەوانەی بڕیارەکانی پێشووتری دادگای فیدڕاڵیی عێراقن و یاخیبوونن بەرامبەر بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە کە فەرمانی کردووە بابەتی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی نەکرێت و مانگانە لە کاتی خۆیدا بدرێت."
ئەو پەرلەمانتارە دەشپرسێ، "ئایا تەیف سامی کە زۆر باسی یاسا دەکات، بە چ یاسایەک تاوەکوو ئێستا (کە مانگی پێنجی 2025ە) حیساباتی خیتامیی داهات خەرجییەکانی ساڵانی ڕابردووی بۆ پەرلەمانی عێراق نەناردووە، بە چ یاسایەک خۆی لە ناردنی حیساباتی خیتامی دزیوەتەوە؟ ئایا ئەگەر پارێزگایەک لە پارێزگاکانی عێراق کێشەیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەبێت (هەروەک ئێستا کێشە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و پارێزگای بەسڕە هەیە)، تەیف سامی مووچەی خەڵکی بەسڕەش ڕادەگرێت؟"
لە نووسینەكەیدا، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە "هەرێمی کوردستان خاوەن دەسەڵات و بڕیار و سەرکردایەتیی سیاسیی خۆیەتی و بە بڕیاری وەزیرێک کە لەژێر فشاری گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسایە هەرێمەکە چۆک بۆ پیلانی نەیاران دانادات، بە پێچەوانەوە بڕیارەكەی تەیف سامی دەبێتە بڵقی سەرئاو و ئەگەر بیانەوێ جێبەجێی بکەن، دەبێ ئەو عێراقەی کە بانگەشەی فیدرالیەتی تێدا دەکرێ،فاتیحای بۆ بخوێندرێتەوە و ببێتە وڵاتێک کە بە یاسای جەنگەڵ ئیدارە دەدرێ."
مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق نووسیویەتی: "گەلی کوردستان گەلێکی سەربەرز و خاوەن ئیرادەیە، جگە لە کەمینەیەکی خۆبەبچووکزان بەرامبەر بە بەغدا، کە هیچ کوردێکی بەشەرەف بەرامبەر ئەو زوڵمە بێدەنگ نابێت و ئەم نووسراوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ نیشاندانی ئیرادەی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پێکهاتەکانییەوە."
وەڵام بدەوه