Kurdistan Press - لە عێراقەوە بە توندی دژی بریارەکەی تەیف سامی هاتە دەنگ لە عێراقەوە بە توندی دژی بریارەکەی تەیف سامی هاتە دەنگ | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

لە عێراقەوە بە توندی دژی بریارەکەی تەیف سامی هاتە دەنگ

ئەمڕۆ هەینی 30/5/2025، غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە: "وەزیری دارایی عێراق بە نووسراوی ژمارە 14502 ڕایگەیاند کە لەم مانگەوە تا كۆتایی ساڵ ناتوانێ مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت بە بیانووی ئەوەی پشکی هەرێمی كوردستان لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق تەواو بووە، ئەم کردەوە نادەستوورییەی وەزیر لەم کاتە هەستیارە، جگە لەوەی کە نزیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانە و دەیانەوێت لە شەقامی عێراقی بە بڕیاری بڕینی قووتی كورد لایەنگر بۆ خۆیان پەیدا بکەن." ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بڕیارەكەی وەزیری دارایی عێراق ڕاستەوخۆ دژبوونە بە بڕیاری ژمارە 224ی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمە لە کاتێکدا هێشتا حکوومەتی فیدراڵ خشتەی داهات و خەرجییەکانی ساڵی 2025ی بۆ پەرلەمانی عێراق نەناردووە، تا دوای دیراسەتکردنی، دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت." ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەشڵێت: "ئیتر ڕوونە کە بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق جگە لە پیلانێکی شۆڤێنی بۆ برسیکردنی ملیۆنان کەس لە خەڵکی هەرێمی کوردستان، شتێکی تر نییە، ئەم کردارانە نەك تەنیا دژ بە مافەكانی کوردە  لە دەستوور، بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی و سەقامگیریی عێراق بە گشتی." غەریب ئەحمەد بە پێویستی دەزانێت بەپەلە هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان "بە یەكگرتوویی و یەك پەیام" لە ئاستی باڵا لە (هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت)، كۆدەنگی بۆ دەستەبەر بكەن بۆ ڕەتكردنەوەی ئەم بڕیارە شۆڤێنییە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق بكرێت بەهۆی پشتكردنی لە بنەمای دەستوورییە فیدراڵییەكانی عێراق و پێیان بگوترێت: "ئەم جۆرە لە بڕیاری تاکڕەوی دژ بە گەلێك، ئاشووب و ئاژاوە دەخاتە ناو سیاسەت و حوکمڕانیی عێراقەوە." پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە: "بۆ ڕێگری لەم پێشهاتە خراپە، دەبێت ئێمە وەك كورد و هەموان وەك عێراق، ڕێگری بكەین لە پشێوی لە عێراق و ڕێگری بكەین لە برسیكردنی هەر گەلێكی پێكهاتەی عێراق، هەروەها ڕێگری جدی بكەین بۆ بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان. ئەوەش دووپات دەكاتەوە: "بەڵێ، هەموو ڕێگەیەکی سیاسی و یاسایی و مەدەنی دەگرینە بەر تا دادپەروەری لە وەزارەتەكەی (تەیف سامی) بەرقەرار بكەین و ناهێڵین پێشێلی ئاشکرای دەستوور و یاسا دەستوورییەكانی عێراق بكرێت." ڕۆژی چوارشەممە 28/5/2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە بڕیارێكی لەناكاو و بە پێشێلكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان دا.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه