لە شارێکدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە دە ملیۆن کەس تێدەپەڕێت و ڕۆژانە ملیۆنان ئۆتۆمبێل تێیدا هاتووچۆ دەکەن، دووکەڵ بووەتە بەشێک لە دیمەنی ڕۆژانە و هەوای پایتەختی عێراق. لەنێو قەرەباڵغی و تەنگیی پیادەڕۆکان و نەبوونی پلاندانانی ژینگەیی، پرسی ئۆتۆمبێلە کۆن و خراپبووەکان وەک یەکێک لە مەترسیدارترین دۆسییە ژینگەییەکان لە بەغدا سەریهەڵداوە.
بانگەوازە حکومییەکانی ئەم دواییە بۆ "ژماردن و کشانەوەی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان" تەنها وەک ڕێکارێکی کارگێڕی نایەت، بەڵکوو هەوڵێکی درەنگوەختە بۆ ڕزگارکردنی شارەکە کە بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بووەتە یەکێک لە پیسترین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی هەواوە.
ڕوانگەى عێراقی سەوز ڕایگەیاندووە کە دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکان بەرپرسن لە زیاتر لە 60%ی پیسیی هەوا لە بەغدا، لە کاتێکدا کە داتایەکی ورد نییە بۆ دیاریکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لەگەڵ ستانداردە ژینگەییەکان ناگونجێن.
لێکۆڵینەوەکانی چاودێرییەکە نیشانی دەدەن کە پیسبوون تەنیا بە دووکەڵی ئۆتۆمبێل قەتیس نابێت، بەڵکو لەگەڵ دووکەڵی مۆلیدە ئەهلییەن، سووتاندنی هەڕەمەکی پاشماوەکان، و دەرهاوێشتە پیشەسازییەکان تێکەڵاوە، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە خاوەنی سیستەمێکی نیشتمانیی گشتگیر نییە بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا
ڕاپۆرتە پزیشکییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاستی تەنۆلکە بچووکەکان لە هەوای بەغدا لە سنوورە ڕێگەپێدراوەکان زیاترە بە زیاتر لە دە هێندە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە بە ڕێژەی 30% بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لەوانەش ڕەبۆ و هەوکردنی درێژخایەنی بۆرییەکانی هەوا.
پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی سنگ دەڵێن کە هەوای بەغدا لە ئێستادا هاوتای کێشانی پاکەتێکی تەواوی جگەرەیە لە هەفتەیەکدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قەبارەی پیسکەرە کۆبووەکان لە کەشوهەوای شارەکەدا.
پزیشکان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا بەبێ پلانێکی بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکاتە کێشەیەکی تەندروستیی هەمیشەیی لە پایتەختی عێراقدا.


وەڵام بدەوه