فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێکردنی پلانێکی ئەمنیی بۆ پاراستنی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی گۆڕەپانی تەحریر ڕاگەیاند، و هاتوچۆی ماتۆڕسکیل و تۆکتۆکی لەسەر چەند ڕێگایەک قەدەغە کرد.
وردەکاریی ڕێکارە ئەمنییەکان:
-
پشکنینی ورد: ئەنجامدانی پشکنینی ورد بۆ هاووڵاتییان لە تەواوی ئەو ڕێگایانەی دەچنە سەر گۆڕەپانی تەحریر، بە مەبەستی دابینکردنی بەرزترین ئاستی ئاسایش بۆ خۆپیشاندەران، پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت، و ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ.
-
کراوەبوونی ڕێگاکان: هێزە ئەمنییەکان بە هیچ شێوەیەک ڕێگاکانی بەرەو گۆڕەپانی تەحریر داناخەن، و لە کاتی زۆر پێویستیشدا داخستنی ڕێگاکان تەنیا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەیی دەبێت.
-
قەدەغەکردنی هاتوچۆ: لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی ڕابردووەوە، هاتوچۆکردنی تۆکتۆک و سەرجەم جۆرەکانی ماتۆڕسکیل لەسەر ڕێگاکانی (خێرای محەمەد قاسم، خێرای کەناڵی جەیش، و خێرای سەڵاحەدین/شوعلە) لەگەڵ تەواوی ئەو شەقامانەی دەچنە سەر گۆڕەپانی تەحریر، بە تەواوی قەدەغە کرا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا داوای لە خۆپیشاندەران کرد کە لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی گیانیان، هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن و بە تەواوی پابەندی ڕێنمایییەکان بن.


وەڵام بدەوه