Kurdistan Press - گۆڕانکاری لە لیستی مووچەی مانگی چواردا دەکرێت گۆڕانکاری لە لیستی مووچەی مانگی چواردا دەکرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

گۆڕانکاری لە لیستی مووچەی مانگی چواردا دەکرێت

بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، لە سیستەمی (پەیرۆڵ) بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی چوار گۆڕانكارییەك كراوە، دەشڵێت: "دەبێت تاوەكوو کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئامادەكردنی لیست تەواو بكرێت و گەنجینەکانیش پەسەندی بکەن."

یادگار جەبار، بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی، ڕاگەیاند: "وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە وەزارەت و گەنجینە و یەكەژمێریارییەكان كردووە، ژمارەی ئەندامانی ئامادەكردنی لیستی مووچە لە سیستەمی (پەیرۆڵ) كەم بكرێتەوە.

لە دوو مانگی پێشوودا، لە سیستەمەكەدا هەر فەرمانگەیەك پێنج كەسی دەیانتوانی لیست ئامادە بكەن، بەڵام ئێستا بۆ دوو كەس كەم كراوەتەوە.

یادگار جەبار ئاماژەی بەوە دا: "رێكخەری لیستی مووچە لەگەڵ وردبینەكە هەر دەبێت هەبێت، بەڵام بەڕێوەبەری ژمێریاری و بەڕێوەبەری فەرمانگەكە و بەڕێوەبەری وردبینی ئاساییە پەسندیشی نەكەن، واتا هەر فەرمانگەیەك بیەوێت ئەو سێ كەسە پەسندی نەكەن دەتوانێت بیكات و رەوانەی گەنجینەی بكات، بەڵام ئەوە بە مەرج دەكرێت."

سەبارەت بە مەرجەكە گوتی: "دەبێت فەرمانگەكە نووسراوێك بۆ ئێمە بكات، چەند كەسیان بوێت ئێمە لایدەدەین، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی رۆتینەكان و خێراتركردنی ئامادەكردنی لیستی مووچەیە."

ئەو بەرپرسەی بایۆمەتری ئاشكراشی كرد، لە رۆژی 10/4/2025ەوە، سیستەمی (پەیرۆڵ) كارایە، گوتیشی: "لە رۆژی یەكەمدا كەمتر لە كاتژمێرێك سیستەمەكە ڕاوەستا، بەردەوام سیستەمەكە كارایە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار."

یادگار جەبار ئەوەشی خستە ڕوو: "دەبێت تاوەكوو کۆتایی ئەم هەفتەیە ئامادەكردنی لیست تەواو بكرێت، دەبێت هەر لەم هەفتەیەدا گەنجینەکانیش وردبینی تەواو بکەن و لیستەکان پەسەند بکەن."

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار و 400 یەکەی ژمێریاری هەن و لە ڕێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) مووچەی مانگانەیان ئامادە دەبێت.

بەرپرسی بایۆمەتری ڕوونیشی کردەوه، 428 یەکەی ژمێریاری لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەن، لە سیستەمی (پەیرۆڵ)یش لیستی مووچەیان ئامادە دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە ڕاگەیاند: "ئەو گۆڕانكارییەی لە سیستەمی (پەیرۆڵ) كراوە بۆ ئەوەیە، رۆتین كەم بكرێتەوە و لیستەكە خێراتر ئامادە بكرێت، ئەو رێكارەش بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری كراوە."

سەرچاوەکەی دارایی گوتیشی: "ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و دواتر شاندێکی وەزارەتی دارایی لیستی مووچە دەبەنە بەغدا."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه