وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە ئاگادارییەكی بڵاو كردەوە و داوا لە خەڵك دەكات، كە خۆیان لە پڕوپاگەندەی دابینكردنی ڤیزای حەجكردن بە دوور بگرن و ڕاشیدەگەیەنێت، كە ئەمساڵ پڕۆسەی حەجكردن تەنها لەڕێی فەرمییەوە بەردەستە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە لە بەیاننامەیەكی ئاگاداریدا ڕایگەیاند: "دابینكردنی ڤیزای حەجكردن لە ڕێی شاندی وڵاتانەوە دەكرێت، كە زیاتر لە 80 وڵات دەگرێتەوە."
ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە ڤیزا لە ڕێی مینبەری (نسك)ەوە بۆ 126 وڵات بەردەستە.
لە ئاگادارییەكەی وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییەدا ئەوەش هاتووە، كە موسڵمانان ئاگادار دەكاتەوە، باوەڕ بەو ڕێكلام و هەواڵە نافەرمییانەی لە سۆشیال میدیا و كەناڵەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە نەكەن و دەشڵێت: ئێمە لەو جۆرە هەواڵانە بەرپرس نین و ئەوانەی بڵاویش دەكرێنەوە نوێنەرایەتیی وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودییە ناكەن.
لەسەر ئەو بابەتە، وەزاەرتی حەج و عومرەی سعوودییە بۆ زیاتر ڕێگەگرتن لە حەجكردنی نایاسایی، سەنتەرێكی چاودێریی میوانان و دوو هێڵی گەرمیشی داناوە و ڕاشیدەگەیەنێت، سەنتەری چاودێریی میوانانی ماڵی خودای گەورە بە شەو و ڕۆژ بەردەستە بۆ خەڵكی ناوخۆی سعوودییە بە ژمارە (1966) و بۆ دەرەوەی سعوودییەش بە ژمارە مۆبایلی (966920002814+) بۆ ئەوەی ڕۆژانە پێشوازیی لە پەیوەندییەكانی خەڵك بكەن.
لەمبارەیەوە، كاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان ڕاگەیاند: "وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان ئاگاداریی هاووڵاتییانی كوردستان دەكەینەوە، كە جگە لە حەجكردن بە ڕێی فەرمی و یاسایی هیچ جۆرە حەجێكی دیكە بەردەست نییە."
جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە گەشتكردن بۆ ئەنجامدانی حەج ڕێی تایبەت (VIP) یان بازرگانی نییە، ئەوەی هەیە حەجكردنێكی فەرمییە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی سەربە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لێی بەرپرسە.
باسی لەوەش كرد، بۆ هەر پرسیارێك یان وەرگرتنی زانیاری، هاووڵاتییانی كوردستان دەتوانن پەیوەندیی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستانەوە بكەن بە ژمارە (009647505953534) لە ڕێی وەتسئەپەوە یاخود لە ڕێی پەیجی فەرمی حەج و عومرەی كوردستانەوە كە بەناوی (kurdhaj)ەوە بەردەستە.
گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی 4ی 2025، كۆتا ڕۆژی ڤیزایە بۆ چوونە سعوودییە و 29ی 4ی 2025 كۆتا ڕۆژی گەڕانەوەی عومرەكارانە، هەر كەسێك لە دوا بكەوێت یان نەگەڕێتەوە بە 100 هەزار ڕیاڵ سزای پێبژاردن دەدرێت كە دەكاتە 26 هەزار دۆلار (2 دەفتەر و 60 وەرەقە).
وەڵام بدەوه