پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێكی دەستگیر كرد، كە سێ ساڵ پێش ئێستا لە شاری هەولێر كەسێكی كوشتبوو، كە دوای ئەنجامدانی تاوانەكەش بۆ دەرەوەی هەولێر و كوردستان ڕایكردبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی 4ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی کە سێ ساڵ پێش ئێستا تاوانێکی کوشتن لە شاری هەولێر ئەنجام درا و تۆمەتبار ڕایکرد بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان، کێشەیەک لەنێوان چەند کەسێک ڕووی داوە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، کە لە ئەنجامی دەمەقاڵێ توندوتیژیی لێکەوتەوە و چەک بەکار هات و تەقە کرا و کەسێک کوژرا."
باسی لەوەش كرد، كە "هەر ئەوکات تۆمەتبار هەڵاتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی پۆلیس بە وردی چاودێریی تۆمەتبارەکەی دەکرد، تۆمەتباری ئاماژەپێکراو دوای گەڕانەوەی بۆ شاری هەولێر، بە زووترین کات لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا."
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە "لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا تۆمەتبار چەکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچەی پێبوو و دەستیان بەسەردا گیرا."
پۆلیسی هەولێر هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە، كە "هیچ کەسێک لەدەستی یاسا و پۆلیس دەربازی نابێت و تۆمەتباران لە هەرکوێیەک بن بە سزای خۆیان دەگەن."
وەڵام بدەوه