وەزیرى خوێندنى باڵا پیشوازی لە سەرۆک و شاندی ئەنجومەنى ڕاژەى هەرێمى کوردستان دەکات
ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، پێشوازیکرد لە سیراج بارزانى سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، کورتەیەکى لەبارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا پێشکەش کرد کە بریتى بون لە: دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر ئاستى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە ساڵانی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨ هەتا ٢٠٢١- ٢٠٢٢).
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد کە مەبەستمانە پێکەوە هەماهەنگی بکەین بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری شایستە بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان و سود لە توانایان وەربگرین بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات و ڕێگر بین لە کۆچی هزرو تواناکانی گەنجان کە گرنگترین سەرمایەی وڵاتەکەمانن.
هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتی کردەوە کە دەرچوە سێ یەکەمەکان کەسانی زیرەک و سەرکەوتوو و بەتوانای وڵاتەکەمانن، هەموو ژیان و سەرمایەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی لایەنی زانستی و ئەکادیمی تەرخان کردوە، بۆیە شایەنی دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کاری شایستە و سەقامگیری ئابورین.
لەلایەن خۆشییەوە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژە دوپاتیکردەوە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەماهەنگ و هاوکارین بۆ کۆى پرسە گرنگەکانى پەیوەست بە دامەزراندنى سێ یەکەمەکان.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە ئامادەکردنى کۆنوسێکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجومەنى ڕاژە، تیایدا ئاماژە بە زەرورەتى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و پێویستیان لە دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بخرێتە ڕوو، دواتر لە ڕێگەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، بۆ ئەوەى بودجەى پێویست بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکرێت.
هەر لە کۆبونەوەکەدا چەند مژارێکی پیویست لەبارەی کاری هاوبەشەوە تاوتوێ کران.
وەڵام بدەوه