کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتە 14 گەڕەکی دیکەی هەولێر و سلێمانی، تاکوو ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی 750 مۆلیدەی تایبەتیش وەستێنراون.
لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی کارەبا، بڵاوی کردەوە: "لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بە دابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ دوازدە گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر و دوو گەڕەکی شاری سلێمانی."
گەڕەکەکانی هەولێر بریتین لە (شۆڕش، کانی، نووسەران، کوێستان، کۆماری، ڕووناکی، پزیشکان، مەنتکاوە، ئازار، زانکۆ، حەمرین و شارەوانی) و گەڕەکەکانی سلێمانییش بریتین لە (هەواری تازە و بەشێکی تووی مەلیک).
ئاماژە بەوەش دراوە، کۆمەڵێک گەڕەکی دیکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سوومەند بوون لە پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کرا و بەمزووانەش دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.
جەخت کراوەتەوە، پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تاوەکوو ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی 750 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون لە 43 گەڕەکی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کە یەکسانە بە 126 هەزار ئۆتۆمبێل لەڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە.
وەڵام بدەوه