بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی رای گەیاند كە لە قۆناغی كۆتایی وەرگرتنی رەزامەندین بۆ ئەو مووچەخۆرانەی زەوییان پێ دەدرێت، ئەوانەی ماون زیاتر پێشمەرگە و خانەنشینن و بڕیارە لەم رۆژانە ناوی 10 هەزار پێشمەرگە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێ و دوای رەزامەندی زەوییان بەسەر دابەش دەكرێت.
سەربەست مەولوود بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی بە راگەیاند، خەریكی ئامادەكردنی ناوی 10 هەزار پێشمەرگەین بۆ ئەوەی لەم رۆژانە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێن بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، دوای گەڕانەوەی ناوەكان بۆ شارەوانییەكانیان رەوانە دەكەین بۆ دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەریان، چونكە ئەو ناوانەی كە ماون رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەربگیرێت زیاتر پێشمەرگە و خانەنشینن.
ئاشكرای كرد، پێشمەرگە نزیكەی 80 هەزار كەس و خانەنشینیش نزیكەی 50 هەزار كەس دەبن، ئەوانەی پێشمەرگە 20 هەزاریان پێشتر ناویان گەراوەتەوە و ناوی نۆ هەزار و600 ی تریشیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە.
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دووپاتی كردەوە، ئەوانەی خانەنشینن 15 هەزار ناو گەڕاونەتەوە و سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی نۆ هەزاری تریشین بۆ ئەوەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، كار بۆ ئەوە دەكەین بە زووترین كات ئەو ناوانەی ماون رەزامەندی بۆ ئەوانیش وەربگرین و دواتری شارەوانییەكان دەست بە دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەریان بكات، واتە كاری ئێمە تەواو دەبێت و كاری شارەوانییەكان دەست پێ دەكات و پێویستە ئەوان زەوی دابین بكەن و بەسەر ئەوانەی دابەش بكەن كە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەیە.
وەڵام بدەوه