سەرۆک بارزانی لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (شەمس) رایگەیاند کە پاشخانی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەزانن، بەڵام پەیامی ئاشتی و شەڕنەكردنیان بۆ كورد ناردووە.
لە دیمانەکەدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "خەباتی خێزانی ئێمە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە دەستی پێکرد کاتێک لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوو داوای مافی گەلی کوردی کرد و دواتر لەسەر دەستی عوسمانییەکان لە ساڵی 1914 لە سێدارە درا."
گوتیشی: "گەلی کوردستان مەعاناتێلکی زۆری چەشتووە و نەهامەتی گەورەی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم میللەتە هیچ کاتێک نا ئومێد نەبوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرخودانی هەموو گەلەکە و خەڵکێکی زۆریش گیانیان فیدا کرد بۆ گەیشتن بەم ڕۆژە."
لەبارەی گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاماژەی بەوە دا: "گۆڕانكارییەكانی سووریا پێشبینیكراو بوو، ئێمە پاشخانی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەزانین، هەرچەندە پەیامی ڕاستەوخۆمان نییە، بەڵام پەیامی ئەرێنییان بۆ ئاشتی ناردووە و دەڵێن دەیانەوێ لەگەڵ كورد بگەنە تێكگەیشتن، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش هەوڵمان داوە كوردانی خۆرئاوا یەك هەڵوێستیان هەبێ، هەموویان یەك داواكارییان بۆ مافەكان هەبێ، ئێمەش پشتیوانی لەوە دەكەین چارەسەری كێشەكان بە ئاشتی بن."
سەرۆک بارزانی راشی گەیاند: "ئێران وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە، ئێمە هیچ کات نەمانویستووە هیچ گیروگرفتێکمان هەبێت لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەو پەیوەندییەی کە هەیە دەبێت لەسەر بنامای رێزگرتنی هەردوو لایەن بێت، نامانەوێت هیچ کاتێک گرفتمان هەبێت لەگەڵ ئێران، بەڵام لەهەمانکاتدا نامانەوێت نە ئێران و نە هیچ وڵاتێکی تر دەستبخاتە کاروباری ناوخۆی ئێمە."
وەڵام بدەوه