پارتی دیموکراتیی گەلان - دەم پارتی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەگەڵ بڕیارە مێژووییەکانی کۆنگرەی پەکەکە، هەنگاوێکی دیکە لە ململانێی 50 ساڵەوە بەرەو ئاسۆی ئاشتی نزیک دەبینەوە."
ئەمڕۆ هەینی پەکەکە رایگەیاند، لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئایار کۆنگرەیان بەستووە و لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەریان، بڕیاری گرنگی مێژووییان داوە. بانگەوازی ئۆجەلان چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بوو.
دەم پارتی دەڵێت، ئەو هەنگاوەی پەکەکە "هەنگاوێکە بۆ سەرلەنوێ چرۆکردن و گەشەکردنی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتی کە سەدەیەکە لە ناخی ئەم خاکە دێرینەماندا ئاواتی بۆ دەخوازرا."
دەم پارتی دەڵێت: "ئەزموونی تاڵی دەیان ساڵە پێشانی هەموومانی داوە کە ئازار رەنگ، زمان و ناسنامەی نییە. ئەمڕۆ فرمێسکی تورک، کورد، چەرکەس، عەرەب، عەلەوی، سوننە، هەموو ناسنامە و باوەڕەکان لە یەک دەریادا یەکیگرتووەتەوە. خەمی هاوبەشمان لە دڵماندا هەڵگرتووە؛ یادەوەریی هەموو لەدەستچووانمان وەک ئەمانەتێکی پیرۆز دەپارێزین و داهاتووی هاوبەشمان بونیاد دەنێین."
هەروەها باسی لەوە کردووە، ئێستا کاتی ئەوەیە ئیرادەی ژیانی هاوبەش و یەکسان "بخەینە سەرووی هەموو شتێکەوە و ... با لەمەودوا لەم وڵاتەدا دەنگی سیاسەت بەرز بێتەوە، نەک ئینکار و چەک؛ دەنگی لێکتێگەیشتنی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی، نەک تووڕەیی، دەنگی ژیانی پێکەوەیی و یەکسان، نەک جیایی."
وەڵام بدەوه