دوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە بۆ لێخۆشبوون لە پێشینەی خانووبەرە و قەرزی بچووك بۆ كەمئەندامان و خاوەنپێداویستیی تایبەت دەركراون كەوتنە واری جێبەجێ كردنەوە.
ئەمڕۆ11ی5ی2025، وەزارەتی داد ژمارە 333ی رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان)ی بڵاو كردەوە و تیایدا دوو بڕیاری تایبەت بە لێخۆشبوونی كەمئەندامان و خاوەنپێداویستیی تایبەت كەوتنە واری جێبەجێكردنەوە.
بڕیاری یەكەمی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بریاری لێخۆشبوونە لە گەڕاندنەوەی بڕە پارەی پێشینەی هاوسەرگیریی ماوە بۆ سوودمەندانی كەمئەندامان كە پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیریان وەرگرتووە.
بڕیاری دووەمیش كە هەر لە رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان) بڵاو بووەتەوە، تایبەتە بە بڕیاری لێخۆشبوون لە گەڕانەوەی بڕی پارەی قەرزی بچووك بۆ ئەو كەمئەندامانەی كە كۆچی دواییان كردووە و تا ئێستا پابەندی گەڕانەوەی قەرزەكانیان لە ئەستۆ ماوە كە ژمارەیان 59 سوودمەندە.
یەكێك لە مەرجەكانی جێبەجێكردنی ئەو دوو بڕیارە ئەوە بووە كە گشت وەزارەت و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لە رۆژی دەرچوونیەوە و كە لە رۆژنامەی "وەقایعی كوردستان" بڵاو دەكرێتەوە.
وەڵام بدەوه