شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات پەنجەرەکانیان دابخەن و ئۆتۆمبێلەکان لەشوێنی سەلامەت ڕاگرن، هەروەها ئەوانە نەخۆشی ڕەبۆ و حەساسیەیان هەیە لەماڵ نەچنە دەرەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 27/5/2025، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "پێشبینی دەکرێت لەسبەینێوه لە ئەنجامی دووبارە ئاکتیڤبوونەوەی خێرایی بای باکووری خۆرئاوا شەپۆلێکی تری خۆڵبارین بۆ هەندێ شوین لاواز بۆ هەندێ شوێنی تر مامناوەند بۆ چڕ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرێتەوە."
ئەوەشی خستووەتە روو: "گەردەلوولی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدەکات لە کاتەکانی نیوەڕۆ بەدواوە بۆ ئێواره کاریگەری دەگاته ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان."
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی جەختیشی کردووەتەوە: "کاریگەری شەپۆلەکە بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت لەبەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان خێرایی با لە نێوان 40 بۆ 50 کیلۆمەتر دەبێت لەکاتژمێرێکدا لە ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین و سۆران خێرایی با 50 بۆ 60 کیلۆمەتر تێپەڕدەکات و لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو ئیدارەیەش لە هەندێ کات 70 بۆ 80 کیلۆمەتر تێپەڕدەکات لە کاتژمێرێکدا."
روونیشی کردووەتەوە: "بە گشتی کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت."
وەڵام بدەوه