بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بڕگەی سەرەكی و كارنامەی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرمیی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەفتەی ڕابردوودا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەكە كرد و ڕوونیكردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە بایەخەوە لە پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی دەڕوانێت، سەرۆك وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی بە گرنگ وەسف كرد بە ئاراستەی پتەوكردنی سیستمی فیدڕاڵی و پارێزگاریكردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم.
پاشان سەرۆك وەزیران پوختەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندەكەی لە واشنتن لەگەڵ كۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریكا خستە ڕوو.
لە سەرجەم كۆبوونەوەكاندا، هەردوو لایەن دووپاتیان لە بەهێزتركردنی پێوەندی هاوبەشی نێوانیان كردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و هەرێمێكی كوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.
سەبارەت بەكۆبوونەوەی شاندەكە لەگەڵ ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، سەرۆك وەزیران ستایشی لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی كرد تایبەت بە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان كە پابەندبوونی ئەمەریكای بە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریكای دووپات كردەوە بۆ پشتگیریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا و دابینكردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەكانی هەرێم، كە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ میوانداریكردنی هەرێمی كوردستان لە پەنابەر و ئاوارەكان و پاراستنی مافەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەكان.
دواتر هەریەك لە ئەندامانی شاندەكە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، وردەكاریی زیاتری كۆبوونەوە و دیدارەكانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی سەردانەكە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد و ڕێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەكەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنكردنی پیادەكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوور.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەكانی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ، كە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادكردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەكەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان، كە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەكە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی كەوتووە.
وەڵام بدەوه