دوای تێپەڕبوونی 10 ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنی لاهوور جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کە ئێستا لە زیندانی ئاسایشە، ئێوارەی ئەمڕۆ گەشە حەمە چاوشین، هاوژینی لاهوور جەنگی، سەردانی زیندانی ئاسایشی سلێمانیی كردووە و لە نزیكەوە چاوی بە هاوسەرەكەی كەوتووە. سەردانەی گەشە حەمە چاوشین بۆ لای لاهوور جەنگی، تەنیا دیدارێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکوو وا باس دەکرێت کە لەمیانی ئەم سەردانەدا، لاهوور جەنگی لە ڕێگەی گەشەی هاوژینییەوە، پەیامێکی بۆ حزبەکەی (بەرەی گەل) ناردووە کە بەندە بە چارەنووس و ئایندەی ئەو حزبەوە لەدوای ڕووداوەکانی ۲۲ی ئاب. لاهوور جەنگی، جگە لەو پەیامەی بۆ بەرەی گەل، داواشی لە گەشە حەمە چاوشینی هاوژینی کردووە کە سەرپەرشتیی یانەی وەرزشیی نەورۆز لەئەستۆ بگرێت، هەروەها یانەکە وەک ناوەندێکی وەرزشی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ بمێنێتەوە و ڕێگە نەدات هیچ لایەنێکی سیاسی لە دەرەوەی بەرەی گەل، دەستوەردان لە کاروبارەکانی یانەی وەرزشیی نەورۆزدا بکات، یان کۆنترۆڵی بکات.
یانەی وەرزشیی نەورۆز ساڵی 1994 دامەزراوە، یانەیەکی تۆپی پێی پیشەگەرە و ئێستا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاری دەکات، خاوەندارێتیی یانەی نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ لاهوور جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و یاریگایەکی گەورەی لە سلێمانی هەیە.
وەڵام بدەوه