كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە داوا لە حكوومەتی فیدراڵی دەكەن، مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات، سەرۆكی (نێردەی یوونامی)ش جەخت لەم داواكارییە دەكاتەوە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیی لە محەممەد ئەلحەسسان، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق و سەرۆکی نێردەی (یونامی UNAMI) کرد و تەوەرێکی سەرەکيی کۆبوونەوەكە، جەختکردنەوە بوو لەسەر گرنگیی پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.
داواكاریی نەتەوە یەكگرتووەكانە
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕێگەی نێردەی خۆیەوە لە عێراق (یوونامی)، لە چەندان بۆنەی جۆراوجۆردا لە ساڵانی رابردوو، داوای ئەوەی لە حكوومەتی فیدرالی كردووە، بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ململانێ سیاسییەكان جیابكاتەوە و مووچەخۆرانی كوردستان نەكاتە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان.
ئەمەریكاش فشار دەكات
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە چەندین بۆنەی جۆراوجۆردا بە هەمان شێوە داوای خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستانی لە حكوومەتی فیدرالی كردووە. لەم چوارچێوەیەدا ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كە رۆژی ٢٢ی ٧ی ٢٠٢٥ ئەنجامی دا، بە فەرمی جەختی لە گرنگیی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كردەوە.
هەروەك لە ١٣ی ٧ی ٢٠٢٥یش باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا داوای كرد، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت. ئەوەشی روون كردەوە كە چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەیەكی ئەرێنی دەبێت بۆ دروستكردنی كەشی وەبەرهێنان.
یەكێتیی ئەورووپا
لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤، نێردەی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و پێشوازیی لە هەوڵەكانی ئەوكات بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە كرد و داوای كرد كە كارەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەی مووچە بەردەوام بن. هاوكات ئەم هەنگاوانەی بە پاڵپشتیكردنی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و عێراق وەسف كرد.
بەریتانیا: هانی چارەسەر دەدەین
لە ٧ی ئاداری ٢٠٢٥، حكوومەتی بەریتانیا لە وەڵامێكی فەرمیدا كە ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەكەی كردبوو، رای گەیاندبوو كە ئاگاداری كێشەی دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی ئەو دواخستنەن. هەروەك جەختی كردەوە كە باڵوێزی بەریتانیا لە بەغدا و كونسوڵەكەیان لە هەولێر، لە هەوڵەكانیان بۆ هاندانی لایەنەكان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و باشتركردنی مافەكانی مووچەخۆران وەك كرێكاری كەرتی گشتی بەردەوامن.
پێشێلكردنی مافی مرۆڤە
رۆژی ٢٩ی ٧ی ٢٠٢٥، ڕێكخراوی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) لە راگەیاندراوێكی فەرمیدا ئاماژەی بەوە كرد كە خەرجكردنی مووچە مافێكە لە مافەكانی مرۆڤ، بۆیە پێویستە حكوومەتی فیدرالی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان خەرج بكات و ئەو مافە پێشێل نەكات.
وەڵام بدەوه