Kurdistan Press - گیراوەکانی شەڕی لالەزار حاڵیان خرابە گیراوەکانی شەڕی لالەزار حاڵیان خرابە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

گیراوەکانی شەڕی لالەزار حاڵیان خرابە

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سلێمانی ڕێگه‌ ناده‌ن گیراوانی لاله‌زار ببینن.

ده‌سته‌كه‌ په‌یامێكی سەبارەت بە هەندێك بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی و کەیسی ئارام قادر، ئاراسته‌ی سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکوومەت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌، هەموو لایەک ئاگادارن کە نزیکەی پازدە ڕۆژ بەسەر ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە شاری سلێمانی تێدەپەڕێت و دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان و سۆراغکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە کەسوکاریان زانیاریان لە بارەوەیان نیە و بێسەر و شوێنن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانی بۆ زانینی سۆراغی ئەو کەسانەی تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لەبارەوە نازانرێت. دەزگای ئاسایش/ سلێمانی لەڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە بە ئێمەی ڕاگەیاند دوایین لیستی ناوی بێسەروشوێنان کە نێردراوە بۆ دەزگای ئاسایش، لەلای ئێمە نین، تەنیا ئەو ئامارەی جاری پێشووتر کە بە دەستەمان دابوو لەلای ئاسایشی سلێمانین.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە ئەو کەسانەی نادیارن بەشێکیان لەدژە تیرۆر یان کوماندۆی سلێمانین، ئەو ڕێگانەدان و زانیاری پێنەدانە بە کەسوکاریان و بە دەستەی مافی مرۆڤ، گومان هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجە درابن و توندوتیژی لەگەڵیان بەکار هێنابێ لە کاتی دانپێدان، بۆیە نایانەوێت کەس بیانبینت.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، پێویستە هەموو لایك بزانن ماوەی هەفتەیەکە دەستەی مافی مرۆڤ لەڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستە داوای کردووە کە تیمێکی دەستە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەستە د.مونا سەردانی بەشێک لەو ڕاگیراوانە بکات، لەناویاندا لاهوری شێخ جەنگی، بەڵام دەزگاکانی ئەمنیی سلێمانی ڕەتیان کردووە، بە بیانووی ئەوەی کە تیمی دەستە پێشتر هاتووە و پێویست ناکات دووبارە بێن، لە کاتێکدا بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی مافی مرۆڤ سنووردار بکات، ڕاستە پێشتر تیمێکی دەستە سەردانی بەشێک لە ڕاگیراوانی ئەم کەیسە کردبوو، بەڵام ڕێژەی ڕاگیراوان زۆرە و پێویستە چەند جارێکی تر تیمی دەستە سەردانیان بکات تاوەکوو لەنزیکە وە هەموویان بیبینێت.

هاوكات له‌ په‌یامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆیی مافی مرۆڤ ئه‌وه‌ش هاتووه‌، بەپێی زانیارییەکانی دەستە و سکاڵای بەرەی گەل تا ئێستاش ڕۆژانە ئەندامانی ئەو حیزبە لە سلێمانی و ناوچەکانی تری ئەو سنوورە دەستگیر دەکرێن و هەڕەشەش لە هەندێک کەسی تری نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەکرێت. هەروەها بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دەستە کەسانێک لە ڕووداوی لالەزار کوژراون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری بدەن و بڵاو بکەنەوە ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر شێوازی کوشتنیان.

ده‌سته‌كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "بابەتێکی تری پەیوەست بە ڕووداوەکانی لالەزار هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لەدەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی زوومیشەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت و لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە ڕابگیرێت و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، ڕۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتەدا."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش هاتووه‌، لێرەوە داوا دەکەین دژەتیرۆر و هێزی کۆماندۆ/ سلێمانی هەرچی زووە ڕێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکەن و ڕێگەش بە کەسوکاری ئەوانە بدەن کە تا ئێستا سەردانیان نەکردوون و پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە ڕابگەیەنرێت کە تا ئێستا هەواڵیان نییە.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، دەمانەوێت ئەوەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەینین دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای بینینی ئارام قادر سەرۆکی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی کردبوو، دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تائێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەداوە، دووپاتی ئەوە دەکەینەوە دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ چەسپاندنی یاساییە و بەپێی ڕێکارە ڕێگەپێدراوەکان پشتگیری سەروەری یاسا دەکەین و دژی هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی هەڕەمەکین و جەختیش لەسەر ڕۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە کار ئاسانی بۆ سەرۆک و تیمەکانمان بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک لە هەر کوێ و لای هەر دەزگایەک بێت ئەوەش لە چوارچێوەی کار و ئەرک و دەسەڵاتی دەستەیە کە پەرلەمانی کوردستان بۆی دیاری کردووە وەک دەزگایەکی نیشتمانی سەربەخۆ.

ده‌سته‌ی باسی له‌وه‌ش كردووه‌ "لێرەدا بە هەموو خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە ڕاپۆرتێکی وردمان نووسیووە لەسەر ئەم کەیسە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ چوار سەرۆکایەتیی لە هەرێمی کوردستان/ سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکوومەت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەنێرین."

لە کۆتاییدا ده‌سته‌كه‌ داوا دەکات کە لیژنەیەکی باڵا پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و ڕاستی و دروستی ئەو کەیسە، لە دەرەنجامەکانی خەڵکی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه