بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەوانەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕ نەكردووەتەوە بڕینی بەشە ئاردیان دەستی پێكردووە و ئەم مانگەش بەشەخۆراكیان دەبڕدرێت، دەشڵێت: "ئەوانەی خۆراكیان ڕاگیراوە کەی فۆرمیان پڕ کردەوە دەبنەوە خاوەن فۆرم و لە مانگەکانی ئاییندە خۆراک و ئاردیان بۆ دێتەوە".
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، راگەیاند: "زیاتر لە 700 هەزار هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك بەشە ئاردیان پێ نەدراوە و بەشەخۆراكی تازەشیان لەم مانگەدا پێ نادرێت".
لەبەشە ئاردی حەوتەم، هەشت ملیۆن و 847 هەزار و 750 کیلۆگرام ئارد لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بڕاوە.
ئاماژەی بەوەش دا: "لە بەش حەوتەمی ئارد لێبڕین و راگرتن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە عێراق بەشەئاردی حەوتیان وەرنەگرت و لەم مانگەشدا بەشەخۆراکیش بۆ ئەوانە نایەت کە فۆڕمیان پڕ نەکردووەتەوە".
نەوزاد شێخ کامیل ئاشكراشی كرد: "راستە ئەو كەسانە جارێ راگرتنی بەشەخۆراكیانە، بەڵام قەرەبۆ ناكرێنەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی كردەوە: "ئەوانەی خۆراكیان راگیراوە کەی فۆرمیان پڕ کردەوە دەبنەوە خاوەن فۆرم و لە مانگەکانی ئاییندە خۆراک و ئاردیان بۆ دێتەوە و ئەو مانگانەی لێیان بردڕاوە قەرەبوو ناكرێنەوە".
بەشداربووانی پسوولەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، كە فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕ كردووەتەوە چوار ملیۆن و 638 هەزار و 672کەسن.
وەڵام بدەوه