بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند گۆڕانكارییەك لە سەبەتەی خۆراكی مانگانەدا دەكات و پارەی خۆراكی مانگانەی بۆ دوو هێندە زیاد دەكرێت.
سەروەر كەمال، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاند:" لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند بڕیارێكی نوێ لەبارەی بەشەخۆراكی مانگانە جێبەجێ دەكات، كە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە. تاوەكو ئێستا ئاگاداركردنەوەمان پێنەگەیشتووە، بەڵام دەبێت تاوەكو مانگی كانوونی یەكەم پێمان بگات و هەموو لایەك جێبەجێی بكەن."
بە وتەی سەروەر كەمال، بڕیارەكە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقەوە دەرچووە، بە ئامانجی ئەوەی ئەو كەسانەی شایستە نین، بەشەخۆراكەكەیان ببڕدرێت و كوالێتیی بەشەخۆراكی مانگانەش باشتر بكرێت.
بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "ئەم بڕیارە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هاوسەنگیی بازاڕ دەبێت و نرخ تێكدەدات، ئەو كەسانەی داهاتی مانگانەیان كەمە، زەرەرمەند دەبن."
هاوكات وەزارەتی بازرگانیی عێراق درەنگانی شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێكدا داوای لە بریكارانی خۆراك و بریكارانی ئارد كرد، سەردانی بنكەكانی دابەشكردن بكەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراكی مانگانە و ئارد، بە مەبەستی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییاندا.
وەزارەتەكە رایگەیاندبوو، "ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێ تەنیا 500 دینارە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە كە لە هەندێك میدیادا بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بە زیادكردنی كرێی دابەشكردن یان گۆڕانكاری لە رێكارەكانی بێبەشكردن و لەم كاتەدا ئەو رێكارانە جێبەجێ ناكرێن.
كۆبوونەوەی ژمارە 28ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری كە لە 01-09-2025 بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێكی نوێ لەبارەی بەشەخۆراكی مانگانە درا و لە نووسراوێكدا بڵاوكرایەوە، "بڕی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت زیاد دەكرێت بۆ هەر كەسێك 1,000 دینار وەردەگیرێت، بەو مەرجەی وەزارەت پارەكە بۆ دابینكردن و باشتركردنی بەشەخۆراك بەكاربهێنێتەوە. هەروەها بەشەخۆراكی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە رادەگیرێت كە مووچەكەیان لە یەك ملیۆن دینار زیاترە (تەنیا مووچەخۆرەكە دەگرێتەوە و ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی بەشەخۆراكیان وەر دەگرن)".
لە نووسراوەكەدا هاتووە، "ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی مووچەكەیان لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشەخۆراكی مانگانەی خۆیان و هەموو ئەندامانی خێزانەكەیان رادەگیرێت."
بڕیارەكە لە 01-12-2025ـەوە جێبەجێ دەكرێت. بەپێی نووسراوەكەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، "خاوەن كۆمپانیا و بەڵێندەرەكانیش بەشەخۆراكی مانگانەیان رادەگیرێت."
لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 كەس، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەك ملیۆن و 960 هەزار كەس و لە پارێزگای دهۆكیش زیاتر لە یەك ملیۆن و 320 هەزار كەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراكەوە بەشەخۆراك وەردەگرن.
وەڵام بدەوه