سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بۆ تۆڕی میدیایی رووداویان پشتڕاست کردەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکە. بەوەیش گرێکوێرەیەکی دوو ساڵ و نیوی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێتەوە، کە بەربەستی سەرەکیی بەردەم ناردنی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوو.
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەمڕۆ شەممە، راگەیاند، پێشبینی دەکەن هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا دەستپێبکاتەوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە کە کۆمپانیاکەی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵییە و سەرپەرشتیی کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا دەکات: "حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی زیاتر لە 95٪ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون."
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رۆژی هەینی، بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی نزیک لە گفتوگۆکان، ئاماژەی بەوە کردبوو، پلانەکە بەو شێوەیەیە کە هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بکات و 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ بهێڵێتەوە.
دوای ئەوە، کۆمپانیایەکی سەربەخۆ لە بەندەری جەیهان، نەوتەکە بەو نرخە فەرمییە دەفرۆشێت کە سۆمۆ دایناوە، کە ئەم هەفتەیە لە نێوان 66 بۆ 67 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک.
لە فرۆشتنی هەر بەرمیلێکدا، 16 دۆلاری بۆ کۆمپانیا نێوەدەوڵەتییەکانی نەوت دەڕوات کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و ئەوەی دیکەش دەچێتە سەر هەژماری سۆمۆ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ رووداوی پشتڕاست کردەوە کە ئەو وردەکارییانەی لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتوون، "تا رادەیەکی زۆر، ورد و راستن،" گوتیشی، "لەم چەند رۆژە کەمەدا، رێککەوتنەکە رادەگەیێنرێت."
هاوکات بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور پشتڕاست کردەوە کە حکومەتی بەغدا نەرمیی نواندووە بۆ ئەوەی داوکاریی کۆمپانیاکانی نەوت جێبەجێ بکات.
عامر خەلیل گوتی: "کۆمپانیاکانی نەوت داوای گەرەنتی پێدانی ماف و شایستەکانیان دەکەن و حکومەتی فیدراڵیش رەزامەندی دەربڕیوە و گەرەنتییەکە دابین دەکات."
وەڵام بدەوه