سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات
ڕۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە خاتوو گوێندڵن گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق جەختی لە پەیامی دۆستایەتیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە ئەمەریكا خوازیاری كوردستانێكی بەهێزە و بەهێزیی كوردستانیش لە قازانجی سەقامگیریی عێراقە. ئەوەشی دووپاتكردەوە ئەمەریكا پاڵپشتی مافە دەستوورییەكانی هەرێمە و پشتیوانی لە گفتوگۆكانی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم دەكات و ناكرێ بابەتی پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆرانی هەرێم هەر بەردەوام بێت و پێویستە چارەسەر بكرێت. لە بەشێكی تری قسەكانیدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق باسی لە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەبواری وزە و كارەبا كرد و وەك نموونەیەك بۆ بەشەكانی تری عێراقی لە قەڵەم دا. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە سەروەریی عێراق بپارێزرێ و ڕێگە لە دەستوەردان لە كاروباری عێراق بگیرێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەمەریكای كرد لە یارمەتیدانی گەلانی عێراق و هەروەها هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی عێراقیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بەداخەوە دەستەڵاتدارانی عێراق پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنەكان نەبوون و ئەوەش بووەتە سەرچاوەی گرفتەكان. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق جەختیشی لەوە كردەوە كە باشترین ڕێگە بۆ نوێنەرایەتیكردنی ڕاستەقینە گەڕانەوەیە بۆ یاسای یەك بازنەیی بۆ ئەوەی لە گونجانی ژمارەی كورسی لەگەڵ ڕێژەی دانیشتوان دادپەروەری هەبێت.
بارودۆخی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
وەڵام بدەوه