وەزارەتی دارایی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی خانەنشینی فەرمانبەری کەسوکاری شەهید، گۆڕانكاری لە بڕیارێك دەكات و بەشێكی دیكەی كەسوكاری شەهیدان لە بڕیاری پێنج ساڵ درێژكردنەوەی خزمەت سوودمەند دەبن.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەی دارایی هەرێمی كوردستان کە رۆژی 23ی9ی2025، دەرچووە، ئاماژە بەوە دراوە، هەمواركردنەوەیەكیان كردووە لە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ درێژكردنەوەی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانەی کە کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدن.
ئەوە لە هەموارە نوێیەكەدا هاتووە: "ئەو فەرمانبەرانەی کە کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانن و یاسای ماف و ئیمتیازی كەسوكاری شەهیدان دەیانگرێتەوە، بڕیارەكە دەیانگرێتەوە، هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی (كوردی فەیلی)ن بڕیارەكە دەیانگرێتەوە، بەو مەرجەی بەڵگەی فەرمی پشتڕاستكراوی دەزاگای شەهیدانی فیدراڵ پێشكەش بكەن."
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ فەرمانبەرانی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهید و زیندانییانی سیاسی، پێنج ساڵ ماوەی خانەنشینییان درێژ دەکرێتەوە، بەمەش خانەنشینییان دەبێتە 65 ساڵ.
بەرپرسێکی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند: "بۆ فەرمانبەرانی کەسوکاری پلە یەک و دووی شەهید، کچ، کوڕ، خوشک، برا، دایک، باوک و هاوسەریان، بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەی دوو لە یاسای ژمارە 26ـی ساڵی 2019ی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014، بەدەر لە تەمەنی یاسایی خانەشینی، ئەو فەرمانبەرانە پێنج ساڵ ماوەی خانەنشینییان درێژ دەکرێتەوە، ئێستا كەسوكاری شەهیدانی (كوردی فەیلی) كە فەرمانبەرن لە هەرێمی كوردستان، بڕیارەكە ئەوانیش دەگرێتەوە."
هەر فەرمانبەرێك بڕیار و رێنوێنییەكانی پەیوەستە بەو بابەتە دەیانگرێتەوە، لە رێگەی فەرمانگە و وەزارەتی خۆیان مامەڵەكانیان بۆ دەكرێت و دەنێردرێت بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدان.
وەڵام بدەوه