Kurdistan Press - یەک تەلەفۆن ماوە یەک تەلەفۆن ماوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

یەک تەلەفۆن ماوە

کۆمپانیاى نەوتى باکوور چاوەڕێى یەک تەلەفۆنە بۆ ئەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە، کە نزیکە لەو بڕەى عێراق بە رێگەیەکی دوورتر و بە تێچوویەکی زیاتر بە ئەورووپاى دەفرۆشێت.

رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەى نێوان وەزارەتەکانی نەوتى عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت، کە لە 22ی ئەیلوولی 2025 کرا، جارێکی دیکە دەرگاى بە رووی هەناردەکردنەوەی نەوت کردەوە.

رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەیە رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێنراوى کێڵگەکانی هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بکرێت بۆ فرۆشتنی لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور راگەیاند: "بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتەکە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، بژمێرى سەر هێڵى 46ی هەناردەى نەوت لە رۆژئاواى شارى زاخۆ چاککراوە و فەرمانبەرى ئێمەى لێیە بۆ ژماردنى ئەو بەرمیلە نەوتەى لەوێوە هەناردەى تورکیا دەکرێت."

پێدانى نەوت لە جێگەى ئەو 16 دۆلارەى بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت لە یاسای بودجە دیاریکراوە، پاڵنەرێکى سەرەکى بوو بۆ کۆمپانیاکان بۆ رازیبوونیان بە هەناردەکردنەوەی نەوت، کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ەوە راگیراوە.

بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور، "ئەگەر بۆرییەکان پڕ کرابن لە نەوت زۆرى ناوێت بۆ ئەوەی بگاتە بەندەرى جەیھان، بەڵام ئەگەر وانەبێت یەک بۆ دوو رۆژى پێویستە بۆ پڕکردنەوەى بۆرییەکە."

بە گوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان، کە 25ی ئەیلوول بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتەکە پێشبینی دەکات کە لە 48 کاژێری داهاتوودا، هەناردەى نەوت دەستپێبکرێتەوە، بەگوێرەى رێککەوتنەکە کاژێر شەشى بەیانیی رۆژی شەممە 27ی ئەیلوول هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

سەرچاوەکەى کۆمپانیاى نەوتى باکوور گوتى: "ئێمە چاوەڕێى زەنگێکى تەلەفۆنی نێوخۆیین بۆ دەستپێکردن بە وەرگرتن و هەناردەکردنەوەى نەوت، کە وەک پەیڕەو کراوە لە رێگەیەوە ئاگاداردەکرێینەوە، کە بە تەلەفۆنى نەوت ناسراوە.

بە گوێرەى ئامارى رێکخراوى ئۆپێک لە هەشت مانگى یەکەمى ئەم ساڵ عێراق زیاتر لە 850 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە، کە 15٪ی واتە 127.7 ملیۆن بەرمیلی بۆ ئەورووپا بووە.

نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ عێراق بژاردەیەکى باشترە بۆ ئەوەى جێى ئەو نەوتە بگرێتەوە کە بۆ ئەورووپاى دەنێرێت.

د. رەڤەند شێروانى، پسپۆڕى نەوت بە رووداوى گوت: "گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوروپا بەراورد بە نەوتى عێراق لە رێگەى بەندەرى بەسرە و کەنداوى سوێس 30% تێچووەکەى کەمترە و بە هەفتەیەک خێراتریش دەگاتە دەستیان."

گرەو لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان تەنیا کەمى تێچوو و خێرایی گەیشتنى نییە بە ئەورووپا، پرسەکە پەیوەندیداریشە بە زیادبوونی بڕى هەناردەى نەوتى عێراق لە دواى ئەوەى ئۆپێک بڕیارى خۆویستانەى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى لادا و 200 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى بەر عێراق کەوت.

25ی ئەیلوول محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رێککەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانى بە مێژوویی وەسفکرد بەوەى 18 ساڵ بووە چاوەڕێیان کردووە، گوتیشی: "ئەو هەنگاوە گەرەنتی دابەشکردنێکى دادوەرانەى سامان و فرەچەشنکردنى رێگەکانی هەناردەکردن دەکات."

ئێستا عێراق رۆژانە لەنێوان 3.3 بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەکاتێکدا یاسای بودجە وەزارەتى نەوتى پەیوەست کردووە بە هەناردکردنى 3.5 ملیۆن بەرمیل.

بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق لە شەش مانگى یەکەمى 2024 بڕى نەوتى هەناردەکراو 616.6 ملیۆن بەرمیل بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەى ئەمساڵ 606.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە کە 10.3 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمى کردووە.

کەمبوونەوەى بڕى نەوتى هەناردەکراو و دابەزینى نرخەکەى، بەراورد بە 2024 ، واى لەعێراق کردووە بیر لە فرەچەشنکردنى رێگەکانى هەناردەکردن بکاتەوە کە یەکێکیان نەوتى هەرێمى کوردستانە لەرێگەى بەندەرى جەیهانەوە.

بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق لە شەش مانگى یەکەمى ئەم ساڵدا داهاتی نەوت 57 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام شەش مانگى یەکەمى پار 58.8 تریلیۆن دینار بووە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه