گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕێی مووچەی مانگی 8ن، كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بڕیاری ناردنی لەسەر بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەن 120 ملیار دینارەكە ڕادەستی بانكی ناوەندیی عێراق بكەن.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕاگەیاند: "ئێمە ئامادەین 120 ملیار دینار ڕادەستی بانكی ناوەندیی عێراق بكەین لە هەولێر."
لەبارەی ناردنی مووچەوە، گوتی: "لەو هەفتەیە چاوەڕێ دەكەین، حكوومەتی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدات و ئێمەش دابەشی دەكەین."
باسی لە لیستی مووچەی مانگی 9 كرد و گوتی: "وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی 9ی ئامادە كردووە و هیچ كەموكوڕییەكی نییە."
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە، كە لەگەڵ تەواوكردنی مووچەی مانگی 8، تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی دەچێتە بەغدا و باسی مووچەی مانگی 9 دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، كە بەغدا مووچەی نەناردووە، بۆیە لە دابەشكردنی مووچە دواكەوتووین، بەڵام پەلەی لێدەكەن بۆ ئەوەی بتوانن بە زووترین كات، مووچە دابەش بكرێت و هاوشێوەی عێراق مانگانە لەكاتی خۆی مووچەكان بەسەر مووچەخۆراندا دابەش بكەن.
وەڵام بدەوه