بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٥، تاقمێكی چەكدار لە شاری شنگال، هەڵیانكوتایە سەر نووسینگەی مەحما خەلیل، بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی نەینەوا و نووسینگەكەیان سووتاند.
لەمبارەیەوە مەحما خەلیل راگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە ڕووداوەكە لە دوای كاتژمێر ١٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بووە و ئەو كەسانەشی ئەم كارەیان كردووە، بە ”هەڵگری بیری داعش“ وەسفی كردوون و رای گەیاندووە كە پۆستەر و تابلۆكانی هەڵبژاردنی تایبەت بەو بەربژێرەیان سووتاندووە.
ئەو بەربژێرە ئەم كارە ترسنۆكانەیەی سەركۆنە كردووە و رای گەیاندووە كە ئەم كارە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ”گرووپە تیرۆریستییەكان خەڵكی دڵسۆزیان بۆ دەڤەری شنگال بە دڵ نییە.“
ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە ئەم جۆرە كارە لە خزمەتكردنی خەڵكی شنگال و كاركردن بۆ پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییە جیاوازەكانی پارێزگای نەینەوا ساردی ناكاتەوە، بەڵكوو مكوڕتری دەكات.
لە كۆتاییشدا داوای لە دامودەزگا ئەمنییەكانی دەڤەرەكە كردووە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن و ئەو كەسانە رادەستی دادگا بكەن كە هێرشیان كردووەتە سەر نووسینگەكەی.
وەڵام بدەوه