سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر گواستنەوەی شوێنی دابەشکردنی زەوی بۆ 1,279 فەرمانبەری عەنکاوە بۆ سنووری شارەوانیی هەولێر. بڕیارەکە بەهۆی کەمیی زەوی لە عەنکاوە و پاراستنی تایبەتمەندیی پێکهاتەی کریستیان دراوە و زۆنێکی تایبەتیان بۆ دیاری دەکرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی عەنکاوە دەرکرد و ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر گواستنەوەی شوێنی دابەشکردنی زەوییەکانیان.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی سنوورداریی ڕووبەری زەوی لە سنووری شارەوانیی عەنکاوە و بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی پێکهاتەی کریستیان، سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر گواستنەوەی شوێنی پێدانی زەوی بە 1,279 فەرمانبەری عەنکاوە بۆ سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوە کردووە، بەگوێرەی بڕیارەکە، زۆنێکی تایبەت لە نەخشەی کەرتیی هەولێردا بۆ فەرمانبەرانی عەنکاوە دیاری دەکرێت، بە مەبەستی پاراستنی تایبەتمەندی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتییان.
بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێری ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست و جێبەجێکردنی بڕیارەکە.


وەڵام بدەوه