شارهزا و پسپۆرێكی ئەندازیاریی دارستان، ئاماژه بهوه دهكات كه پشتێنەی سەوزایی لە دەوروبەری شارەکان، یەکێکە لەو کارە ستراتیژییە شارستانسازییە نوێیانە کە بۆ ئامانجی پاراستنی ژینگە دروست دەکرێت، لە رووی هاوسەنگکردنی کەش و ئاو و هەوا و باشترکردنی ژینگە و سروشتی ژیانەوە. بۆ دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی پێویست بە پلانێکی ئامادەکاریی زانستیی پێشوەخت و درێژخایەن و داڕێژراو هەیە بۆ چاندنی دار بە ڕووبەرێکی گەورە و فراوان، ئەوە به چەندين قۆناغ دەكرێت لەوانەیە دەیان ساڵ بخایەنێت، بۆیه ئهوهی له ههولێر دهكرێت ههنگاوێكی گرنگه، ههرچهنده وهك پسپۆرێك داوا دهكهم جۆری دارهكان گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.
د.هەردی کاکەخان عەوڵا شێخانی، دکتۆرا لە زانکۆی ئەندازیاریی دارستانەکانی ویلایەتی سانت پترسبۆرگ- ڕووسیا، مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەددین- هەولێر، کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان بەشی دارستان، سەبارەت بە پشتێنەی سەوزایی هەولێر راگەیاند: "شاری هەولێر بە شێوەیەکی تایبەتی پێویستی بەو پشتێنە سەوزاییانە هەیە، لهوانه زیادکردنی ڕێژەی باران، شاری هەولێر بە شێوەی ئاسایی ساڵانە ٣٥٠ – ٥٠٠ ملم باران دەبارێت، بەڵام داتاکانی ساڵانی پێشتر کە کەمبوونی باران وایکردووە ڕێژەی ئاوی ژێرزەوی کەم ببێت، بۆیە زیادبوونی سەوزایی دەبێتە هۆی زیادکردنی ڕێژەی بەهەڵمبوون- شێداریی هەوا (evapotranspiration) کە دەبێتە هۆی دروستبوونی بارانبارین.“
ئهوهشی خسته روو: ”بههۆی پشتێنهی سهوزاییهوه کەمکردنەوەی پلەی گەرمی "Urban Heat" لە شارەکان بەهۆی زۆریی باڵەخانە و خانوو و زۆری قیڕی شەقامەکان و کەمیی سەوزایی وادەکات گەرمی زۆر لەناوەوەی شار کۆ ببێتەوە، بۆیە بە زیادکردن و دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی دەبێتە هۆی نزمکردنەوەی پلەکانی گەرما، ئەمەش وادەکات ئەگەری بارانبارین لەو ناوچەیە زیاتر بێت. جیالهوهش، بە پاراستنی خاک و گلدانەوەی ئاو، دار و ڕووەکان دەتوانن پارێاگاری لە خاك بكەن، بەوەی خێرایی دڵۆپەکانی باران کەم دەکاتەوە و وادەکات ئاوی باران بەهێواشی بەر زەوی بکەوێت و بچێتە ناخی زەوی، هەروەها فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەرگری لە ڕاماڵینی زەوی (soil erosion) بەهۆی با و باران.“
ئەو شارهزا و پسپۆرەی ئەندازیاریی دارستان گوتیشی: ”پشتێنهی سهوزاییهوه گرنگ دهبێت بۆ پاککردنی هەوا، دار و ڕووەکان particulate matter (PM2.5 - PM10)و و گازە زیانبەخشەکان وەک (NO₂, SO₂, CO₂, CO) کەم دەکەنەوە، لای هەمووانیش ڕوونە کە دار و ڕووەکەکان CO₂ دووانە ئۆکسیدی کاربۆن وەردەگرن و O₂ ئۆکسجین دەدەنەوە، ئەمەش وادەکات کە ژینگە یان هەوا پاک بکاتەوە و پلەی گەرمیی ناوچەکە نزم ببێتەوە. هەروەها پشتێنەی سەوزایی هۆیەکە بۆ پەرەپێدانی شارستانیی مرۆڤایەتی و گۆڕین و ڕۆتینی ڕۆژانە و کات بەسەربردن و وەرزش لەناو پارک و دارستانەکان کە لەم ڕووەوە پێویستی بە دیزاینکردن هەیە.“
ئاماژەی بەوەش دا: ”ئهم پرۆژهیه له رۆژههڵاتی ناوهڕاست نموونهی نهبووه و زۆر گرنگه، پشتێنەی سەوزایی بە شێوەیەکی زانستی کاریگەریی باشی هەیە لەسەر زیادکردنی بارانبارین و پاککردنەوەی هەوا بۆ باشترکردنی تەندروستیی مرۆڤ، بەڵام پێویستە بە پلانی ئەندازیاریی کشتوکاڵ و شارستانیی زانستی بێت. لە شاری هەولێر پشتێنەی سەوزایی بیرۆکەیەکی ناوازە و بەسوودە بۆ هەموو ئەمانەی سەرەوە باس کراوە، بەڵام پێویستە بەگوێرەی ژینگەی شار و بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی ئاو بێت.“


وەڵام بدەوه