شارەزایەکی بواری کەشناسی لەبارەی کەشوهەوای سبەی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردووەتەوە: "لە درەنگانی ئەمشەو بەدواوە شەپۆلەکەی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات کە لە هەوایەکی سارد و شێدار پێکدێت و بەشێوەی بەرەیی چەند زنجیرە کەڵەکە هەورێکی گەورە و بەهێزن هەورەبرووسکەی توند و بارانی زۆر بەخوڕیان لێ چاوەروان دەکرێت."
راشی گەیاندووە: "سەرەتا لەکاتەکانی درەنگانی ئەمشەو بۆ نیوەرۆی سبەی یەکشەمە 16/11/2025 کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای نەینەوا بەهێزترین دەبێت بۆیە لەو ماوەیەدا هۆشداری دەدەین لە بارینی تەرزە و بارانێکی زۆر و دروستبوونی لافاو لەو ناوچانەدا کە لەهەندێ شوێن ئەگەری ڕوودانی لافاوی گەورەش دەبێت."
روونیشی کردووەتەوە: "هۆشداری دووەم بۆ ناوچەکانی سەنتەری پارێزگای هەولێر، کەرکووک، ئیدارەی سۆران، سنوری قەزای کۆیە و باکووری رۆژئاوای ئیدارەی گەرمیانە بەتایبەت لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارەی سبەی یەکشەممە لەم ناوچانەشدا ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکەی توند و لێزمە باران و تەرزە دەبێت و بەهەمان شێوە ئەگەری لافاو هەیە و پێویستە ئاگاداربن."
ئەوەشت خستووەتە روو: "سەبارەت بەناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و سنووری ئیدارەی راپەرین کاریگەری ئەو حاڵەتە بەگەیشتنی بەم ناوچانە کەمدەبێتەوە و لەنێوان کاتەکانی سبەی نیوەرۆ تا کاتی شەو ئەگەری بارانی مامناوەند و پچر پچر دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورەبرووسکە و پاشان کاریگەری شەپۆلەکە بەیەکجاری لەسەر ناوچەکانمان کۆتای پێ دێت و لەبەیانی رۆژی دووشەممەوە 17/11/2025 کەش و هەوا سەقامگیر دەبێتەوە."


وەڵام بدەوه