شێروان دووبەردانی کە بۆ جاری سێیەم متمانەی خەڵکی مووسڵ و دەشتی نەینەوای بەدەست هێنایەوە، هۆکاری سەرکەوتنی خۆی بۆ پابەندبوونی بە ڕێبازی سەرۆک بارزانی لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەبێ هیچ جیاوازییەک گەڕاندەوە. ئەو گوتی: “لە دوو خولی پێشووی پەرلەماندا، بەردەوام لە هەولێر، دهۆک و مووسڵ، لە نووسینگەی پەرلەمان، یان هەر شوێنێکی دیكە بووبێت، پێشوازیمان لە خەڵک کردووە. هەزاران کەسمان لە کەرتی تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دامەزراندووە. هەروەها کارمان بۆ هەزاران کەس کردووە کە پێویستیان بە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی هەبووە.”
دووبەردانی جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای ململانێی توند و هەوڵی کڕینی دەنگ و فشاری هێزە عێراقییەکان لە مووسڵ، هۆشیاریی خەڵک وایکرد کە دەنگ بەو لایەنە بدەن کە بە کردەوە خزمەتی کردوون. ئەو گوتی: “کاتێک ئێمە بەڵێنێک دەدەین، جێبەجێشی دەکەین. لە هەمووی گرنگتر دەرگا و تەلەفۆنم هەم پێش هەڵبژاردن و هەم دوای هەڵبژاردن بەردەوام بە ڕووی خەڵکدا کراوە بووە و هەر كراوەش دەبێت.”
کارنامەی داهاتوومان پاراستنی مافە دەستوورییەکان و خزمەتکردنی ناوچەکەیە
وەک پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، دووبەردانی کارنامەی خۆی لە دوو تەوەرەی سەرەکیدا چڕ دەکاتەوە كە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری ناوچەکەیە.
سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، وەک پرسی بودجە، مووچە و یاسای نەوت و غاز، دووبەردانی ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی داهاتووی عێراق، جێبەجێکردنی دەستوورە. ئەو گوتی: “داواکاریی ئێمە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانە لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکاندا. کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی کە لە بەرنامەی پارتیدا جەختی لێکراوەتەوە.”
بۆ پرسی ماددەی ١٤٠ و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، دووبەردانی جەختی کردەوە کە ئەم پرسە لە کارە لەپێشینەکانیان دەبێت، دەڵێ: “پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کردووە وەک چارەسەرێکی دەستووری بۆ کێشەكانی ئەو ناوچانە. ئێمە لە بەغدا فشار دروست دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی کاری لیژنەکان و گرتنەبەری ڕێکاری کرداری بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی مافی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە.”
پڕۆژەی تایبەت بۆ دەشتی نەینەوا و پەیام بۆ دەنگدەران
جگە لە پرسە نیشتمانییەکان، دووبەردانی بەڵێنی دا کە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دەشتی نەینەوا و مووسڵ جێبەجێ بکات. گوتی: “کاری زۆرمان بۆ بابەتی خزمەتگوزاری کردووە، وەک دروستكردنی شەقام، تۆڕی ئاو و کارەبا و دروستکردنی چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری پزیشکی لە دەشتی نەینەوا و لەسەر ئەم کار و پرۆژانەش بەردەوام دەبین.”
لەکۆتاییدا، پەیامی خۆی ئاراستەی دەنگدەرانی کرد و گوتی: “زۆر سوپاستان دەکەم کە بۆ جاری سێیەم متمانەتان پێ بەخشیم. من هەر شێروانەکەی جاران دەمێنمەوە و لە خزمەتتاندا دەبم. هەركات بگەڕێمەوە، گوێ لە داواكارییەكانتان دەگرم و دڵنیابن کە بەڵێنەکانم جێبەجێ دەکەم.”


وەڵام بدەوه