پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی فراکسیۆنەکەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدا و بەپێی بڕیارێکی نوێ، شاخەوان عەبدوڵڵا وەک سەرۆکی فراکسیۆن دەستبەکار دەبێت.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی حزب و بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کارەکانی فراکسیۆن لە بەغدا، بڕیاردراوە شاخەوان عەبدوڵڵا لە شوێنی فەرهاد ئەترووشی، ئەرکی سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی پارتی بگرێتە ئەستۆ."
ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕانکاریی لە کاندیدەکانی بۆ پۆستە باڵاکانی پەرلەمان کرد؛ بە جۆرێک شاخەوان عەبدوڵڵای لە کاندیدکردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کشاندەوە و فەرهاد ئەترووشی، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی لە جێگەی ئەو بۆ ئەو پۆستە کاندید کرد.


وەڵام بدەوه