مایک پەمپیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند کە کۆدەنگییەکی گەورە و بەهێز هەیە بۆ پاراستنی گەلی کورد و هەموو ئەو گرووپانەی کە لە شەڕی لەناوبردنی خەلافەتی داعشدا پاڵپشتی ئەمریکایان کردووە و لە تەنیشتیان وەستاون.
پەمپیۆ جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی کورد وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو کە لە سەخترین کاتەکاندا لە مەیدانی جەنگدا بوون، پرسێکی جێگەی بایەخی قووڵ و کۆدەنگییەکی گشتییە. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو هێزانە لە کاتی شەڕی دژی تیرۆردا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتەکەی داعشدا گێڕاوە، بۆیە پێویستە وەک پابەندییەکی ئەخلاقی و ستراتیژی، پشتگیرییان لێ بکرێت و بپارێزرێن.
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئەوەش کە تەنها پاراستنی کورد ئامانج نییە، بەڵکو دەبێت پارێزگاری لە هەموو ئەو پێکهاتە و گرووپانەش بکرێت کە لەو ناوچانەدا ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە و پێکەوە بۆ ئامانجێکی هاوبەش کاریان کردووە. ئەم لێدوانانە جارێکی تر جەختکردنەوەیە لەسەر بایەخی پێگەی کورد لە ستراتیژییەتی ئەمنیی ناوچەکە و پابەندیی ئەمریکا بە هاوپەیمانە مەیدانییەکانی.


وەڵام بدەوه